تەرمی دوو ژن لە کەمپی بەردەڕەش و دەربەندی رانیە دۆزرانەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە کەمپی بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆک کە هاونیشتمانیانی رۆژئاوای کوردستانی تێدا دەژین، ژنێک گیانی لەدەستدا. پۆلیس دەڵێت، 'باس لەوە دەکەن کە خۆی خنکاندووە.' هاوکات هەر ئەمڕۆ تەرمی ژنێک لە دەربەندی رانیە دۆزرایەوە.

رۆژی دووشەممە 21ی ئابی 2023 شێخ سەعدی بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ کاژێر 05:30ی بەیانی لە روودانی خنکانی ژنێک لە ماڵەکەی خۆی ئاگادارکراینەوە. تیمەکانمان چوونە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە دەکەن."
 
ئافرەتەکە تەمەنی 24 ساڵە و ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە. کەسوکارەکەی بە پۆلیسیان گوتووە، خۆی خنکاندووە.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش ئاماژەی بەوەش کرد، دۆسیەی ژنەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی خێزانە و لەوێوە رەوانەی دادوەر کراوە؛ دادوەریش داوای ئامادەبوونی کەسوکارەکەی کردووە.
 
پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە کراوەتەوە و تەرمەکەش رەوانەی دادپزیشکی کراوە.
 
بەگوێرەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 455 رووداوی کوشتنی ئەنقەست، بە هەڵە و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

تەرمی ژنێک لە دەربەندی رانیە دۆزرایەوە؛ 'پێدەچێت چەند رۆژێک بێت خنکابێت'

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە تەرمی ژنێک لەنێو ئاوی زێی بچووک لە دەربەندی رانیە دۆزرایەوە؛ تەمەنی ژنەکە لە دەوروبەری 25 ساڵاندایە.
 
عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 21-08-2023 ئاگادار کرانەوە لە بوونی تەرمێک لە ئاوی زێی بچووک لە رانیە، دوای گەیشتنی تیمی مەلەوانیی راپەڕین، تەرمەکە دەرهێندراوەتەوە و دەرکەوتووە ژنێکە.
 
بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین، پێدەچێت چەند رۆژێک پێش ئێستا رووداوەکە روویدابێت، تاوەکو ئێستاش کەسوکاری ژنە خنکاوەکە دیارنین و ئێستاش تەرمەکە لە دادپزیشکیی رانیە توێکاریی بۆ دەکرێت.