لە کەرکووک هەڵمەتی دووەمی تێکدانی حەوزەکانی ماسی دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو هەڵمەتی دووەمی تێکدانی حەوزەکانی ماسی لە سنووری پارێزگای کەرکووک دەستپێدەکات.
 
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کەرکووک رۆژی دووشەممە، 21-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ لابردنی سەرپێچییەکانی سەر حەوزەکانی ماسی، هەفتەی داهاتوو دەست بە ئەرکی خۆیان دەکەن و دەشڵێت: "بەرهەمی ماسیی ئەمساڵ نزیکەی 50٪ کەمبووەتەوە".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کەرکووک، "بەهاری رابردوو ژمارەیەک سەرپێچییان لابردووە، خاوەن حەوزەکانیان ئاگادارکردووەتەوە ماسییەکانیان بفرۆشن، پێش ئەوەی حەوزەکانیان تێکبدەن، کە ژمارەیان نزیکەی 50 حەوزە".
 
بەگوێری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک، زۆربەی ئەو حەوزانەی ماسی کە بە سەرپێچی دروستکراون، دەکەونە قەزای داقووق.  
 
رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، بڕیار بوو بەشێک لە حەوزەکانی ماسی لە داقووق تێکبدرێن، بەڵام شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە: "پەیوەندیم بە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقەوە کرد و وەزارەت بڕیاری دا پرۆسەی رووخاندنی حەوزەکانی کەرکووک رابگیرێت." 
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "کاردەکەین بۆ ئەوەی مۆڵەتی بەردەوامی ئەو خاوەن حەوزانە بۆ چەند مانگێک درێژبکەینەوە تاوەکو بەرهەمیان یەکلایی دەکەنەوە." 
 
قەزای داقووق نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە باشووری کەرکووکەوە دوورە، بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی بژێوییان لەسەر بەخێوکردنی ماسییە و ناوچەکە بە سەرچاوەیەکی سەرەکیی دابینکردنی ماسی دادەنرێت.   
 
زیاتر لە دوو هەزار حەوزی ماسی لە سنووری قەزاکەدا هەن، پێشتر ژمارەیەک حەوزی ماسی تێکدران. هەڵمەتەکە بە هاوبەشیی هێزە ئەمنییەکان و نوێنەرانی وەزارەتەکانی سەرچاوەکانی ئاو، کشتوکاڵ و کارەبا بەڕێوەدەچوو.
 
تێچووی هەر حەوزێکی ماسی 45 بۆ 50 ملیۆن دینارە. 
 
مەیسەم عەلی خزەیر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێر زەوی و سەرۆکی ژووری ئۆپەراسیۆنی کەمئاوی لە پارێزگای کەرکووک دەڵێت، لەسەر راسپاردەی وەزیری سەرچاوەکانی ئاو و بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی تێکدەدەن کە "بە شێوەیەکی نایاسایی دروستکراون و پشتیان بە ئاوی سەر زەوی بەستووە."