ڤیدیۆ؛ دوو گەنج لە سلێمانی هێرش دەکەنە سەر بەخشراوێک و ڤیدیۆکەی بڵاودەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی ڤیدیۆیەک کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، دوو گەنج لە سنووری ناحیەی تاسڵوجەی سلێمانی، بە پێلەقە و بۆکس لە بەخشراوێک دەدەن و دواتر ڤیدیۆکەی وەکو سووکایەتی بڵاودەکەنەوە.
 
بەگوێرەی ڤیدیۆکە، وادیارە بەخشراوەکە داوایان لێدەکات بوەستن لە لێدانی، بەڵام گەنجەکان لە پشت و سەری دەدەن.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە زاری سەرچاوەیەکەوە، بەخشراوەکە ناوی "ئەنەس سەرچڵ"ـە و ڤیدیۆکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21-8-2025، لەنێو گەراجی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی تۆمارکراوە.
 
ئەو سەرچاوەیەی قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی ئەنەس لەو دەوروبەرەدا کلێنس دەفرۆشێت.
 
تائێستا هۆکاری لێدانی بەخشراوەکە لەلایەن ئەو دوو گەنجەوە نەزانراوە، بەڵام زانیاریی هەیە کە ماوەی رابردووش بەهەمان شێوە لەلایەن کەسانێکەوە لێی دراوە کە دواتر دەستگیرکراون.
 
رائید سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چاوەڕوانی فەرمانی دادوەرن بۆ دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە، ئەمشەو یان سبەی هەردووکیان دەستگیر دەکرێن و سزای یاسایی خۆیان وەردەگرن.