توێژینەوەی کشتوکاڵ لە هەولێر: لە ساڵێکدا دوو جار گەنم دەچێنین

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاند، لەم مانگەدا دەستیان بە چاندنی گەنم کردووە. بەڕێوەبەرەکەیان دەڵێت، ئامانجیانە لە هەرێمی کوردستان لە یەک ساڵدا دووجار گەنم بچێندرێت.
 
عەبدولسەمەد محەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵیی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پڕۆژەکەمان بەردەوامە و تاوەکو ئێستا کێشەی گەورەمان بۆ دروست نەبووە، بەڵام پێشتر لە کۆتایی وەرزەکەدا کە بەهۆی سەرمای تووندەوە کێشەی وشکبوونەوەمان هەبوو، ئێستا دەمانەوێت چارەسەری بکەین".
 
لە چوارچێوەی هەمان پڕۆژەدا، لە دوو ساڵی رابردوودا هەمان کار کراوە. بە گوتەی بەڕێوەبەرەکەی، لە رابردوودا سەرکەوتووبوون لە دوو جار چاندنی گەنم لە ساڵێکدا و دەیانەوێت ئەو کێشانەی ساڵانی پێشتر هەبوون چارەسەری بکەن و پەرە بە بەرهەمی زیاتر بدەن.
 
عەبدولسەمەد محەممەد دەڵێت: "هێشتا کارەکانمان فراوان نەکردووە و وەکو قۆناخی سەرەتایی لە نزیکەی 700 مەتردا گەنممان چاندووە".
 
زۆرینەی ساڵەکان لە لە هەرێمی کوردستان لە وەرزی پاییزدا پەڵە دەدات و گەنم دەچێندرێت، بەڕێوەبەرایەتیت توێژینەوەی هەولێر لە مانگی ئابدا دەستی بەچاندن کردووە. بەڕێوەبەرەکەیان دەڵێت، لە رابردوودا لە کاتی جیاوازیشدا چاندنیان هەبووە و دەیانەوێت باشترین کات بۆ چاندنی گەنم جیا لەکاتی پەڵەدان بدۆزنەوە.
 
عەبدولسەمەد محەممەد گوتی: "ئەو زەوییەی کە دەکرێت ساڵێک دووجار بەرهەمی گەنمی هەبێت دەبێت ئاویی بێت نەوەکو دێمی، ئێمە ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە پڕۆژەکە لە داهاتوودا هەموو هەرێمی کوردستان بگرێتەوە".
 
ئەو گەنمەی وەکو بنەتۆو بۆ بەرهەمهێنانی گەنم لە ساڵێکدا دووجار بەکاردەهێندرێت، بنەتۆوی تایبەتە بە کوردستان و هاوردەکراو نییە.