وەزارەتی کشتوکاڵ: ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن ئالیک بەرهەم دەهێنین

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، بەرهەمی ساڵانەی ئالیکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن تۆنە و زیاتر لە 25٪ی هەناردەی شارەکانی عێراق دەکەن. رۆژانە زیاتر لە 1500 تۆن هەناردەی باشوور و نێوەڕاستی عێراق دەکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو جۆرێکی ئالیک لە کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت، وەکو: ئالیکی پەلەوەر، ماسی، ئاژەڵی گەورە وەکو مانگا، مەڕ و بزن."
 
فیراس سدیق ئاماژەی بەوەدا لە بەرهەمهێنانی ئالیکدا پشت بە کەرەستەی ناوخۆ دەبەسترێت، وەکو گەنمەشامی، گەنمی ئالیک، جۆ، کەپەک و زیادکراوەکانی دیکەی ئالیک، تەنیا زەیتی سۆیا لە هاوردە دەکرێت.
 
پێداویستیی ناوخۆ بۆ بەرهەمی ئالیک نزیکەی 800 هەزار تۆنە. فیراس سدیق گوتی: "کۆی بەرهەمی ساڵێکی کارگەکان دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆنە، بڕە زیادەکە هەناردەی خوارو و نێوەڕاستی عێراق دەکرێت کە رۆژانە بەپێی بڕوانامەی ڤێتێرنەری، 1500 تۆن دەنێردرێت".
 
لە هەرێمی کوردستان 48 کارگەی بەرهەمهێنانی ئالیک هەن.
 
بە گوتەی فیراس سدیق، حکومەت ئاسانکاریی بۆ خاوەن کارگەکان کردووە و کرێی کارەبا بە نرخی کشتوکاڵی وەردەگرێت، نەک نرخی بازرگانی. هەروەها وەکو پاڵپشتییەک، دەتوانن زەیتی سۆیا بەبێ باجی گومرگی بهێننە هەرێمی کوردستان.