كتێبی بیركاریی پۆلی یەكی بنەڕەتی بۆ سێی بنەڕەتی چاپكراوە

رووداو- هەولێر

گەورەترین "هەڵە" لە پەرتووكەكانی پرۆگرامی خوێندنی بنەڕەتی روویداوە، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆگرامەكان لە وەزارەتی پەروەردە دەڵێت "خەتای ئێمەی تێدا نییە". وەزیری پەروەردەش دەڵێت "دەستمان بە لێكۆڵینەوە كردووە و توندترین ئیجرائات دەگرینەبەر تاوەكو ئاستی دوورخستنەوە، بەرامبەر ئەو كەسەی هەڵەكەی كردووە".

رۆژی 15/9/2015 وەرزی خوێندنی 2015-2016 لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد، هەر لە رۆژی یەكەم و دووەمی دەوامی قوتابخانەكاندا، لە زۆربەی خوێندنگاكاندا پەرتووكی خوێندن بەسەر قوتابیاندا دابەش كرا، بەڵام دەركەوت كە پەرتووكێكی پۆلی یەكەم و سێیەمی بنەڕەتی هەڵەی زۆر گەورە و زەقی تێدایە.
 
بەرگیان جیایە و ناوەڕۆكیان یەكە


مامۆستایەكی قۆناغی بنەڕەتی بە (رووداو)ی راگەیاند "كاتێك پەرتووكی بیركاری بۆ هەمووان (كتێبی راهێنان)ی پۆلی یەكەم و سێیەم بەسەر قوتابیاندا دابەش كرا، دەركەوت تەنیا بەرگی پەرتووكەكان جیاوازە و ناوەڕۆكەكەیان وەكو یەكە".

ئەو مامۆستایە كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، دەڵێت "هەمان ناوەڕۆكی پەرتووكی بیركاریی پۆلی یەكەم بە بەرگێكی جیاواز بۆ پۆلی سێیەمیش دانراوە". گوتیشی "پەرتووكەكان بەسەر قوتابییەكانیشدا دابەشكراون".

ئاراس نەجمەدین، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامەكان لە وەزارەتی پەروەردە لەوبارەیەوە بە (رووداو)ی گوت "راستە ئێمە پرۆگرامی وەزارەتی خوێندن دادەنێین، بەڵام ئەو هەڵەیە لای ئێمە نەبووە، چونكە سیدیی چاپكردنی كتێبەكان لەلای ئێمە هەیە و پێداچوونەوەشمان بۆ كردووە، بۆیە هەڵەكە لەلای ئێمە نەبووە".

ئاراس نەجمەدین هۆكاری ئەو هەڵەیە دەخاتە ئەستۆی بەشەكانی دیكەی وەزارەت "كێ گرێبەستی كردووە، ئەو بەرپرسیارە و ئەمە پەیوەندی بە دیوانی وەزارەتەوە هەیە".

پەرتووكی بیركاری بۆ هەمووان (كتێبی راهێنان) بۆ پۆلی سێیەمی بنەڕەتی، 110 هەزار و 76 دانەی لێ‌ چاپكراوە و تێچووی هەر دانەیەكیش 529 دینار بووە كە كۆی تێچووەكەی دەكاتە 58 ملیۆن و 203 هەزار دینار.

ئاراس نەجمەدین ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە شێوازی دابەشكردنی كتێب بەسەر قوتابیاندا بە چەند فیلتەرێكدا تێدەپەڕێ‌ "كە كتێبەكە چاپكرا، چەند لێژنەیەك هەن، لێژنەی پشكنینی كتێب، لێژنەی وەرگرتن، لێژنەی دابەشكردن، ئەمە بەسەر هەموویاندا تێپەڕیوە و گەیشتووەتە دەستی قوتابی".

بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامەكانی وەزارەتی پەروەردە هەروەها دەڵێت، ئەوە یەكەمین هەڵە نییە روودەدات "هەموو ساڵێك هەڵە روودەدات و شتی زۆر سەیر و سەمەرە روودەدات، بەڵام من هەر ئەوەندە دەڵێم، ساڵانە هەڵە دەكرێ، ئەگەر هەڵەكە لەلای ئێمە بووایە یەكسەر لێژنەی لەسەر پێكدەهێنرا".

لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی خوێندنی 2015-2016، زیاتر لە 180 هەزار قوتابی نوێ لە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی وەرگیراون.  ژمارەی تەواوی قوتابیانی سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن لە قوتابخانە و پەیمانگاكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە ملیۆنێك و 700 هەزار قوتابییە.

پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە لەسەر ئەو هەڵەیە بە (رووداو)ی راگەیاند "زیاتر لە 1140 ناونیشانی كتێب لە وەزارەتی پەروەردە هەن و ئەوەی روویداوە یەك ناونیشانە".

وەزیری پەروەردە دەڵێت "هەڵەكە لەلای خودی چاپخانەكە بووە و بەڵێنی داوە هەمووی لەسەر حیسابی خۆی دووبارە و بە دروستی چاپ بكاتەوە". هەردوو پەرتووكەكە ئەمساڵ لەلایەن كۆمپانیای هاتن چاپكراون.

پشتیوان سادق گوتی كە بە زووترین كات قەرەبووی ئەو هەڵەیە دەكەنەوە "ئێمە سوود لە پشووی جەژنی قوربانیش وەردەگرین بۆ چاپكردنەوەی پەرتووكەكە بۆ ئەوەی بەزووترین كات بخرێتە بەردەستی قوتابیان".

سەبارەت بەوەی كێ بەرپرسە لە روودانی ئەو هەڵەیە؟ وەزیری پەروەردە رایگەیاند "دوای ئەوەی بە هەڵەكەمان زانی، یەكسەر لێژنەی لێكۆڵینەوەمان پێكهێنا. لێژنەكەم ئاگادار كردووەتەوە توندترین ئیجرائات بگرنەبەر بەرامبەر ئەو كەسەی هەڵەكەی كردووە، تەنانەت ئەگەر پێویست كرا دووریشی دەخەینەوە".

سەبارەت بە تێچووی پەرتووكەكەش، پشتیوان سادق گوتی "چاپخانە بڕی تێچووی دووبارە چاپكردنەوەی پەرتووكەكە لە ئەستۆ دەگرێ". گوتیشی "بۆ زانیاریتان پێشتر ساڵانە 45 ملیۆن دۆلار تەنیا بۆ چاپكردنی كتێب خەرج دەكرا، ئێستا وەزارەتی پەروەردە تەنیا 10 ملیۆن دۆلاری خەرج كردووە".