ئەو کەسانەی قەرزداری پێشینەکانن کۆی پارەکە نەبەنەوە، داشکاندنیان بۆ ناکرێ
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی 15%ـی بۆ چەند پێشینەیەک خستە جێبەجێکردنەوە بۆ سێ مانگ. بەرپرسێکی ئاگادار دەڵێ: "ئەوەی قەرزدارە دەبێ کۆی پێشینەکە بداتەوە".
نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ژمارە 7785 و رێککەوتی 21ـی ئەیلوولی لەسەرە و بە ناوی رێنمایی ژمارەی 10ـی ساڵی 2025 بڵاوکراوەتەوە.
رێنماییەکەی وەزارەتی دارایی پشتی بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 288 لە 10ـی ئەم مانگە بەستووە و تێیدا هاتووە: "بۆ کارئاسانی هاووڵاتییانی سوومەند لە پێشینە و قەرزەکانی بانکەکانی سەر بە وەزارەتمان" بڕیاری لێخۆشبوونی 15%ـی قەرزەکان دەرکرا.
بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی، "لێخۆشبوونی 15% بۆ گشت قەرزەکانی (خانووبەرە، نیشتەجێبوون، کشتوکاڵی، پیشەسازی و گەشتوگوزاری) لە بنەڕەتی پێشینە یان قەرزی ماوە لایان دەرچووە و جێبەجێ دەکرێ".
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، لێخۆشبوونەکە سوودی دواکەوتنی دانەوەی پێشینەکانیش دەگرێتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسانەی پێشینە یان قەرزیان وەرگرتووە و بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، پێویستە کۆی پارەکە بگەڕێننەوە، ئەوکاتە سوودمەند دەبن لە داشکاندنەکە، بەپێچەوانەوە سوودمەند نابن".
بڕیاری لێخۆشبوونەکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو 31-12-2025 کاری پێدەکرێ.
لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 10ـی ئەیلوول، ئەنجوومەنەکە بڕیاری دا "ئاسانکاری پێویست بۆ ئەو هاووڵاتییانە کە پێشتر سوودمەند بوون لە پێشینە و قەرزەکانی بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی بکات، ئەویش بە لێخۆشبوون بە رێژەی 15٪ـی بڕی ئەو پێشینە و قەرزانە، سەرەڕای لێخۆشبوون لە تەواوی سوودی بانکی و پێبژاردنی دواکەوتنی دانەوەی قەرزەکان".
له ههرێمی كوردستان 28 بانكی پسپۆڕی ههن و پێش شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، پێشینهی نیشتەجێبوون، قەرزی بچووک، خانووبەرە، هاوژینی، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیارییان بە هاونیشتمانیان دەدا.
بەگوێرەی ئاماری بانکە پسپۆرییەکانی وەزارەتی دارایی، لەو کاتەی پێش و قەرزەکان بە هاونیشتمانیان دراوە، 231 هەزار و 474 کەس سوودیان وەرگرتووە و پارەیان پێدراوە.