شاخەوان عەبدوڵڵا: هەولێر و بەغدا لەبارەی داهاتی نەوتی و نانەوتی رێککەوتوون
هەولێر دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەولێر بەغدا لەبارەی داهاتی نەوتی و نانەوتی رێککەوتوون؛ تەنیا ئەوە ماوە حکومەتی عێراق جێبەجێی بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-09-2025، لە هەرێمی کوردستان زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا؛ شاخەوان عەبدوڵڵا لە یەکێک لە قوتابخانەکانی پارێزگای کەرکووکەوە رایگەیاند، "خۆشحاڵین بە دەستپێکردنەوەی وەزرێکی دیکەی نوێی خوێندن. هیوادارین مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردیش وەکو ئەوانەی سەر بە حکومەتی عێراقن، خەرج بکرێت."
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و کێشەی گواستنەوەی راژەی مامۆستایان، پرسیاری لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "گواستنەوەی مامۆستایان لە چوارچێوەی بودجەدا نەبوو، بەڵام ئێمە دەسەڵاتی خۆمان وەکو سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەکارهێنا بە گواستنەوەی 15 هەزار و 900 فەرمانبەر و مامۆستای دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بەغدا، بەڵام بیری شۆڤێنی بەسەر لایەنەکانی بەغدا زاڵە و دەنگیان لەسەر نەدا. مامۆستایان دڵنیا دەکەینەوە، دەرفەت هەبێت بچینەوە پەرلەمان، بەڵێنیان پێدەدەین دانیشتنی پەرلەمان ناکرێت هەتا کێشەکەیان چارەسەر نەکرێت."
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "لەسەر داهاتی نەوتی و نانەوتی رێککەوتن کراوە، پرۆپۆزەلی رێککەوتنی نوێی نێوان تورکیا و عێراق کۆتایی هاتووە لەنێوان کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا تورکییەکان بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. هیچ ئیلتزامێک نەماوە، تەنیا ئەوە ماوە حکومەتی عێراق ئیلتزامێکی ئەخلاقی و یاسایی بەرامبەر بەو رێککەوتنەی کە کردوویەتی و دوو مووچە خەرج بکات."
دوێنێ عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێشبینی دەکەن لە 48 کاژێری داهاتوودا، نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە.