دروشمی "کەرکووک دڵی کوردستانە" بەرەی تورکمانی تووڕە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەرەی تورکمانیی عێراقی بڵاوکردنەوەی دروشمی "کەرکووک دڵی کوردستانە"، لە رێگەی شاشەکانی رێکلام لەسەر شەقامەکانی شاری کەرکووک سەرکۆنە دەکات و داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، دەستوەردان بکات. شارەوانیی کەرکووک دەڵێت، شاشەکانیان بە گرێبەست داوەتە کەرتی تایبەت و ئەوان لێی بەرپرس نین.
محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 21-09-2025، رایگەیاند، نووسینی دروشمی "کەرکووک دڵی کوردستانە" لەسەر شاشەکانی سەر بە شارەوانیی کەرکووک، "پێشهاتێکی مەترسیدارە" و فەرمانگەیەکی خزمەتگوزاریی حکومەت "دروشمێکی جیاکاری و فیتنەیی" بڵاوکردووەتەوە.
محەممەد سەمعان دەڵێت، "فەرمانگە حکومییەکان، بەتایبەت خزمەتگوزارییەکان، بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتی و هاووڵاتییانن بەبێ جیاکاری، نەک بۆ چاندنی تۆوی دووبەرەکی یان پڕوپاگەندەکردن بۆ دروشمی سیاسی و نەتەوەیی کە ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێکدەدات."
سەرۆکی بەرەی تورکمانی داوا لە سەرۆکوەزیران، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران، لایەنە ئەمنییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەکات، دەستوەردانی خێرا بکەن و لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی لەو رووداوە بکەن. هاوکات داوای لێپرسینەوە لەو لایەنانە دەکات "رێگەیان داوە دامەزراوە حکومییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی لەو جۆرە بەکاربهێندرێن"، کە بە گوتەی ئەو "هەڕەشە لە یەکڕیزیی شارەکە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکات."
محەممەد سەمعان، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووکی بە بەرپرسیاری سەرەکیی رووداوەکە دانا و گوتی: "هەمان بەڕێوەبەرایەتی، بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە، ئەو شوێنانەی بەکرێ داوە کە تابلۆ و پەیکەری تایبەت بە بەرەی تورکمانیی عێراقی و یادەوەریی دامەزراندنی بەرە و وێنەی سەرکردەی شەهید عەتا خەیروڵڵای لەخۆگرتبوو." ئەو هەنگاوەشی بە "هەوڵێک بۆ چاندنی دووبەرەکی لەنێوان پێکهاتەکانی شارەکەدا" ناوبرد.
شارەوانیی کەرکووک 15 شاشەی گەورەی لە شوێنە گشتییەکانی شارەکە داناوە. عەدنان شوکر، لێپرسراوی راگەیاندنی شارەوانیی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "راستە شاشەکان لەلایەن شارەوانیی کەرکووکەوە دانراون، بەڵام بە گرێبەستێکی پێنج ساڵی دراونەتە کەرتی تایبەت."
لێپرسراوی راگەیاندنی شارەوانیی کەرکووک گوتیشی، ئەوان فەرمانگەیەکی خزمەتگوزارین و بەشێوەیەکی پیشەییانە کار دەکەن و بەرپرس نین لەوەی لەسەر شاشەکان نمایش دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردەوە، "پێویستە رەچاوی ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی کەرکووک بکرێت، چونکە شارەکە دۆخێکی تایبەتی هەیە."