شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئامادەکاریی رێوڕەسمەکانی حەج دەچێتە سعودیە

رووداو دیجیتاڵ
 
حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سبەی شاندێک دەچێتە سعودیە بۆ ئامادەکاریی رێوڕەسمەکانی حەجی ساڵی داهاتوو. گوتەبێژی حەج و عومرە دەڵێ، زیاتر لە 70 هەزار هاونیشتمانی داوایان کردووە ساڵی داهاتوو بۆ حەج بچنە ئەو وڵاتە.
 
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە و سیروان عەبدولڕەحمان، نوێنەری بەرێوەبەرایەتییەکە لە دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق، لەگەڵ حەج و عومرەی عێراق سەردانی سعودیە دەکەن و دەچنە ئەو هۆتێلانەی بۆ حەجی داهاتوو ئامادە دەکرێن.
 
ئەرکێکی دیکەی شاندە هاوبەشەکەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان و عێراق چاودێریکردنی ئەو خواردنانە دەبێت کە بۆ ساڵی داهاتوو بۆ حاجیانی هەرێمی کوردستان و عێراق ئامادە دەکرێن.
 
کاروان ستوونی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی بەرەو سعودیە بەڕێدەکەوین بۆ ئامادەکارییەکانی حەجی 2026".
 
کاروان ستوونی دەڵێ: "تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 70 هەزار هاونیشتمانی داواکاریی چوونە حەجی ساڵی داهاتوویان پێشکێش کردووە و پڕۆسەکەش تاوەکو 26ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێ".
 
گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی داهاتوو لە سەرەتای مانگی پێنجدا کاروانی زیارەتکارانی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو سعودیە بەڕێدەکەون.
 
25-09-2024، تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە ساڵی 2017 و 2023 ناوی خۆیان تۆمارکردبوو بۆ چوونە حەجی ساڵی 2025 و لەو ژمارەیە کە زیاتر بوون لە 120 هەزار هاونیشتمانی، 5 هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.