بڕانی کارەبا لە ئێران زیانێکی زۆری بە کەرتی پیشەسازی گەیاندووە
رووداو دیجیتاڵ
بڕانی کارەبا لە ئێران زیانی بە کەرتە جیاوازەکان گەیاندووە، وەزیری پەیوەندییەکانی وڵاتەکە دەڵێت، بڕانی کارەبا وایکردووە کوالێتیی پەیوەندییەکان 8 بۆ 10٪ دابەزێت.
سەتار هاشمی، وەزیری پەیوەنییەکانی ئێران ئاماژە بەوە دەدات، "بەپێی ئەو شیکارییەی هاوکارانمان بە ئێمەیان داوە، بڕانی کارەبا بووەتەهۆی ئەوەی لەنێوان 8٪ بۆ 10٪ کواڵیتی پەیوەندییەکان دابەزێ".
محەممەد سادق موفەتح، جێگری وەزیری بازرگانی لەبارەی کەمبوونەوەی کارەباوە دەڵێت، "گرنگترین هۆکاری دابەزینی بەرهەمی پیشەسازی لەم هاوینەدا کەمی کارەبایە. ئەم ساڵ پیشەسازییەکانمان بەهۆی کێشەی کارەباوە کوژانەوەی درێژخایەنیان بەخۆوە بینی."
چەند مانگێکە حکومەتی ئێران بڕیاری داوە بەهۆی گەرمای زۆر و کەمی وزەوە رۆژانە چەند کاژێرێک کارەبای ماڵان ببڕێ.
پیشەسازییەکانیش هەفتانە دوو رۆژ بێ کارەبا بوون؛ لە رۆژانی پلەی گەرمای بەرزیشدا بڕینی کارەبا لە هەفتەیەکدا هەندێکجار گەیشتووەتە سێ رۆژ.
ئەحمەد پاشایی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری بەرهەمهێنەرانی پێداویستی قوتابخانە باس لەوە دەکات، "ئێستا لە هەفتەدا دوو رۆژ کارەبامان نییە، ویستمان کاتی کارکردنی زیادە دابنێین بۆ شەوان یان رۆژانی هەینی، کەچی شەوانە لە کاژێر 6ـی ئێوارەوە تاوەکو 12ـی شەو کارەبا نییە و رۆژانی هەینیش بەو شێوەیە کارەبا نییە."
ئێران پێویستی بە نزیکەی 80 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەڵام بەپێی ئاماری حکومەتی ئەو وڵاتە، زیاتر لە 16 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبای هەیە.