کەرکووک؛ لەسەر کێشەی زەوی کوردێک بە بەندکردن سزا درا

 
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتیمانییەکى کورد لە کەرکووک لەسەر سکاڵای عەرەبێکی هاوردە بە بەندکردن سزا درا و دۆسیەی سکاڵاى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیش لە دژى نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان دەدرێتە دادوەرێکی دیکە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی ئەیلوولی 2025، دادگەی دووبز تاوتوێی دوو سکاڵای کرد کە تایبەت بوون بە کێشەی زەویی هاونیشتمانییانى کورد لە کەرکووک.
 
یەکێک لە دۆسیەکان تایبەت بوو بە سکاڵای عەرەبێکی هاوردە لە دژی هاونیشتمانییەکى کورد لە ناوچەی سەرگەڕان، گوایە رێگری لە کارکردن لەو زەوییەکەیدا دەکات لەکاتێکدا بە ناوی باپیری هاونیشتمانییە کوردەکەوەیە.
 
دۆسیەی دووەمیان تایبەت بوو بە سکاڵای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک لە دژی محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان کە لە 17ی شوباتی 2025، لەگەڵ سوپای عێراق لە گوندی شەناغە تووشی دەمەقاڵێ بوو لەسەر رێگری لە کێڵانی زەوییەکەى.
 
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی پەیوەندیدارە بە دۆسیەکەی منەوە، ئەمە سێیەم دانیشتنی دادگەیە کە نوێنەری سکاڵاکار نایەتە بەردەم دادگە بە پاساوی ئەوەی نووسراوی دادگەی پێ نەگەیشتووە بۆ ئامادەبوون. دادوەری ئەو کەیسە بڕیاریدا دەستبەرداری ئەو دۆسیەیە بێت و داوا لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرکووک بکات دادوەرێکی دیکە دابنێت کە بڕیارە لە 5ی تشرینی یەکەم یەکلا ببێتەوە".
 
ئەو زەوییانەی کێشەیان لەسەرە، ئەوانەن کە بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشى دەسەڵاتى پێشووى حیزبى بەعس لە هاونیشتمانییانى کورد داگیرکراون و دراون بە عەرەبی هاوردە.
 
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان رایگەیاند، دۆسیەیەکی دیکە لەلایەن ئەحمەد وەسمى-یە کە عەرەبێکی هاوردەیە، لەدژی سامان رەزا تۆمار کراوە، کە گوایە رێگری لێدەکات لە مامەڵەکردن بە زەوییەکەیەوە، لەکاتێکدا ئەو زەوییە بەناوی باپیری هاونیشتمانییە کوردەکەوەیە و سەلمێنراویشە کە رێگری نەکردووە.
 
گەڕاندنەوەی ئەو زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان چاوەڕوانیی رێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵە کە بەگوێرەی چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش داگیر کراون.
 
محەممەد ئەمین گوتی: "دادگە بڕیاریدا بە سزادانى سامان رەزا بە چوار مانگ بەندکردن لەگەڵ راگرتنی جێبەجێکردنی سزاکە."