رۆژانە زیاتر لە 7.2 هەزار تۆن خاشاک لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئاماری لایەنە پەیوەندیداری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، رۆژانە زۆرترین خۆڵ و خاشاک لە پارێزگای هەولێر و کەمترین لە پارێزگای هەڵەبجە کۆدەکرێتەوە. گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "بەپێی وەرزەکان و کات رێژەی خۆڵ و خاشاک دەگۆڕێت."
رۆژی شەممە، 20ـی ئەیلوولی 2025، د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند، "بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستمانە، رۆژانە زۆرترین خۆڵ و خاشاک لە پارێزگای هەولێر دواتر پارێزگاکانی دیکە و ئیدارە سەربەخۆکان کۆدەکرێتەوە."
بە گوتەی د. سەنعان عەبدوڵڵا، بڕی خاشاک لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی کات و وەرز دەگۆڕێت و کەم و زیاد دەکات. گوتیشی، "رۆژانە زیاتر لە 7 هەزار و 200 تۆن خاشاک لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە، کە ئەمەش بڕێکی زۆرە و پێویستمان بە کارگەی ریسایکلینە."
گوتەبێژی دەستەی ژینگە باسی لەوەشکرد: "رۆژانە لە پارێزگای هەولێر دوو هەزار 200 تۆن خاشاک کۆدەکرێتەوە".
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە رووداوی گوت، "رۆژانە لەنێو شاری هەولێر و دەوروبەری نزیکەی دوو هەزار تۆن خاشاک بە هەموو جۆرەکانییەوە کۆدەکرێتەوە."
هاوکات زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "رۆژانە هەزار تۆن خاشاک کۆدەکەینەوە، لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا دەبێتە هەزار و 200 تۆن."
بەرپرسێکی شارەوانیی دهۆک بە رووداوی گوت، "رۆژانە لە پارێزگای دهۆک، هەزار و 100 بۆ 200 تۆن خاشاک کۆدەکەینەوە، لە رابردوو زیاتر بوو، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا کەمبووەتەوە."
سەلام عەبدولقادر، لێپرسراوی ژینگە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "رۆژانە 140 بۆ 150 تۆن خاشاک لە پارێزگاکە کۆدەکرێتەوە، بەڵام مانگی داهاتوو بەهۆی پێگەیشتنی هەنار و توێکڵەکەیەوە زیاد دەکات و دەگاتە 170 تۆن."
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "تێچووی هەر تۆنێک خاشاک 50 هەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت، کە ئەمەش تێچوویەکی زۆرە و مانگانە دەکاتە 10.5 ملیار دینار."