مەسرور بارزانی: یەکێتیی زانایان رۆڵێکی گرنگی لە بەرەنگاربوونەوەی تووندڕۆیی هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پەیامێکدا بەبۆنەی 55ـەین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی، ستایشی رۆڵی گرنگی زانایانی ئایینیی کرد لە چەسپاندنی میانڕەوی و کولتووری پێکەوەژیاندا.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ 21ی ئەیلوولی 2025 ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی جێبەجێکردن و سەرجەم زانایانی کردووە، رایگەیاند، "بە رێز و پێزانینەوە لە رۆڵی گرنگی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان و زانایانی ئایینی بەگشتی دەڕوانین."
 
سەرۆکی حکومەت جەختی لەسەر رۆڵی یەکێتییەکە کردەوە لە "قووڵکردنەوەی بنەما و بەها بەرز و مرۆییەکانی ئایینی ئیسلام و بەرەنگاربوونەوەی هزری تووندڕۆیی." هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانیان کرد بۆ "بەهێزترکردنی میانڕەوی و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان."
 
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە ساڵی 1970 دامەزراوە و بە یەکێک لە رێکخراوە ئایینییە کاریگەرەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، کە کار لەسەر رێنوێنیی ئایینی و پتەوکردنی بنەما کۆمەڵایەتییەکان دەکات.