پێشبینی دەکرێت لە 9 پارێزگای باکووری کوردستان باران ببارێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا هۆشداری بارینی بارانی بەلێزمە لە 9 پارێزگای باکووری کوردستان دەدات. دامەزراوەکە پێشبینی دەکات کەشەکە دوو رۆژ بەردەوام بێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینییەکانی کەشوهەوای تورکیا و باکووری کوردستانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی ئەیلوول، لە پارێزگاکانی جۆلەمێرگ، بەدلیس، وان، ئاگری، ئیدر، قەرس، ئەرزەڕۆم، ئەرزینگان و ئەردەخان لە باکووری کوردستان ئەگەری بارینی بارانی بەلێزمە هەیە.
وەک کەشناسیی تورکیا دەڵێت، ئەگەری دروستبوونی لافاو لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم و قەرس هەیە.
لەبارەی پلەی گەرمایشەوە، دامەزراوەکە دەڵێت، تێکڕای پلەی گەرمای ئەو 9 پارێزگایە 13-20 پلەی سیلیزی دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، پلەی گەرما لە زۆربەی پارێزگاکانی دیکەی باکووری کوردستان لە نێوان 26-30 پلەی سیلیزی دەبێت.