رووداو ریکۆردێکی نوێ تۆمار دەکات؛ یەک ملیار بینەر لە سێ هەفتەدا
رووداو دیجیتاڵ
رووداو بەردەوامە لە شکاندنی ریکۆردەکانی سۆشیاڵمیدیا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە و لە نوێترین ریکۆردیشیدا ژمارەی بینەرەکانی لە پەیجی سەرەکیی رووداو لە فەیسبووک لە ماوەی سێ هەفتەدا یەک ملیاری تێپەڕاند.
درووشمی نوێی رووداو دیجیتاڵ ئەوەیە کە سەردەمی ملیۆن تێپەڕیوە و ئێستا سەردەمی ملیارە.
رووداو سەرچاوەیەکی سەرەکیی میدیاکانی جیهانە بۆ ئەو رووداوانەی لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە روودەدەن، رووماڵەکانی رووداو لە ئەوروپاش جێگەی بایەخی میدیا جیهانییەکانن و ڤیدیۆ و زانیارییەکانی رووداو لەسەر شاشەکانی تەلەڤزیۆن و لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵمیدیا لە هەموو جیهان دەبیندرێت.
بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ لەبارەی تۆمارکردنی ئەو ریکۆردە لە سۆشیاڵمیدیای کوردستان و ناوچەکە رایگەیاند، "ئەوە شایەتیدانێکە بۆ کاری نایابی تیمی رووداو لە ماوەی رابردوودا و رووحیەتی داهێنان و نوێگەری لەنێو رووداو پێشان دەدات کە هەمیشە یەکەم و بێ رکابەر بووە لەو کارانەی دەیانکات."
جگە لە گەیاندنی دەنگ و داخوازیی هاونیشتمانییانی کوردستان و کێشەکانیان بە لایەنی پەیوەندیدار لە رێگەی هەواڵ و بەرنامەکانییەوە، دوایین رووماڵی فراوانی رووداو کە بووە سەرچاوەی سەرەکی بۆ ئاژانس و میدیا جیهانییەکان رووماڵی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان بوو لە حەمدانیە. هەروەها لە خولەکەکانی یەکەمەوە، رووداو رووماڵێکی فراوان و سات بە ساتی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەکات.
بڕوا کیانی دەڵێت، هەر یەکێک لەو بینەرانە نوێنەرایەتیی ئەو پەیوەندییە بەهێزە دەکەن کە رووداو بە رووماڵە راستگۆ و پیشەییەکانی لەگەڵ خەڵک لە سەرانسەری جیهان دروستی کردووە و هەمیشە بینەرەکانی وەکو ئەندامێکی خێزانە دیجیتاڵییەکی داناوە تاوەکو خێراترین و دروستترین زانیاری و بابەتی هەواڵییان پێ بگات.
هاوکات بێستوون نووری، بەڕێوەبەری نیوزگازەرینگی رووداو لەبارەی ئەو ریکۆردە ئاماژە بەوە دەکات، "رووداو ھەمیشە وەكو زانكۆیێکە بۆ پێگەیاندنی میدیاكار، گرنگیدان بە توانای گەنجانیش رەنگدانەوەی لەسەر نوێگەرییەكانی رووداو ھەبووە. ئەم ریكۆردانە بەشێكیشی پەیوەندی بەوەوە ھەیە رووداو بەردەوام لە گۆڕاندایە و ھەمیشە باشترین بەرهەم پێشکەشی وەرگرانی دەکات."
ئێستا ئەگەر بەراوردی بکەین بە ژمارەی دانیشتووانی گۆی زەوی کە بەپێی دوایین ئامارەکانی وێڵدۆمیتەر نزیکەی هەشت ملیار و 70 ملیۆن کەسن، رێژەی ئەوانەی لە رووداو سەیری ڤیدیۆکانیان کردووە دەکاتە نزیکەی 12٪ـی سەرجەم دانیشتووان. بڕوا کیانی دەڵێت، "ئەوەش تەنیا ژمارە نییە بۆ ئێمە، بەڵکو متمانەی ئەو کۆمەڵگە هەواڵییەیە کە رووداو دروستی کردووە."
داتاکانی فەیسبووک پێشانی دەدەن کە لە ماوەی ئەو سێ هەفتەیەدا لە 27ـی ئەیلوول تاوەکو 20ـی ئۆکتۆبەر، زیاتر لە 44.1 ملیۆن کاردانەوەی بەکارهێنەران بۆ بابەتەکانی رووداو هەبوون و سێ ملیۆن و 200 هەزار کۆمێنت لەسەر ڤیدیۆکانی رووداو نووسراون.
رووداو جگە لە هەژمارەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، لە پلاتفۆڕمەکانی دیکەی سۆشیاڵمیدیاش چالاک و بێ رکابەرە و دوایین خزمەتگوزاریش کە وەکو یەکەم میدیای کوردی بەردەست بوو بۆی، خزمەتگوزاریی
وەتسئەپ چانێڵە.