وەزارەتی پەروەردە: نابێ پشووی قوتابخانەکان بۆ هەڵبژاردن هێندە زۆربێ کاریگەریی بکاتەسەر خوێندن


رووداو دیجیتاڵ

لە عێراق 9 رۆژ کراوەتە پشوو لە قوتابخانەکان بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە. کۆمیسیۆن دەڵێ، وەزارەتی پەروەردە دەیەوێ پشووەکە لە هەرێمی کوردستان کەمتر بێت. گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاماژە بەوە دەکات، نابێ هەڵبژاردن کاریگەریی نەرێنی لەسەر خوێندن دروست بکات.
 
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆداین بۆ دیاریکردنی پشووی قوتابخانەکان بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەوە".
 
لە عێراق پشوو راگەیێندراوە لە 05ـی مانگی 11 بۆ 13ـی هەمان مانگ. نەبەرد عومەر دەڵێ: "وەزارەتی پەروەردە داوا دەکات کاتەکە کەمبکرێتەوە بەراورد بە عێراق و دەڵێن زۆرە، لەبەر ئەوەی تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵیان لەپێشە".
 
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد: "ئێمە پێویستمان بە کاتە بۆ ئەوەی ئامێرەکانی دەنگدان و کەرەستە ئەلیکترۆنییەکان بگەیێنینە شوێنەکانی دەنگدان، ئەوەش روونە کە دەنگدانی تایبەت 09ـی مانگ دەستپێدەکات و 11ـی مانگیش دەنگدانی گشتی، پێم وایە بۆ ئێمە پێویستە 6 بۆ 7 رۆژ پشوو دیاری بکرێت".
 
نەبەرد عومەر دەڵێ: "دەمانەوێ رەچاوی دۆخی پەروەردە بکەین و هاوکار دەبین لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە".
 
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕیارێکمان نەداوە لەسەر داواکەی کۆمیسیۆن بۆ رۆژە پشووەکان. لە رۆژانی داهاتوودا وەڵامیان دەدرێتەوە".
 
سامان سیوەیلی گوتی: "لە وەڵامێکی فەرمیی کۆمیسیۆندا بڕیار دەدەین، کە رۆژەکانی پشوو چەند دەبن، کێ دەگرێتەوە و کێ ناگرێتەوە. پرۆسەی نیشتمانی کە هەڵبژاردنە گرنگە و پرۆسەی خوێندنیش گرنگە و نابێ کاریگەریی خراپی بکرێتەسەر".
 
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی، لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی باڵای وەزارەتەکە دەکرێ و وەزیر بڕیاری رۆژەکانی پشوو دیاری دەکات.
 
بڕیارە 11-11-2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەبچێ.