لە هەولێر کرێکارێکی رۆژئاوای کوردستان لەکاتی کاردا گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیجتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە، کرێکارێک لە کاتی کارکردن لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی هەولێر کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا.
حەسەن رەمەزان، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کرێکارەکە ناوی محەممەد سوورییە و لە دایکبووی ساڵی 1974ـە".
بە گوتەی حەسەن رەمەزان، کرێکارەکە کوردە و خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و تەنیا دوو رۆژ بووە لەو پڕۆژەیە وەکو کرێکار کاری کردووە.
یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکاکانی کرێکاران بە رووداوی گوت، لەرێگەی تیمەکانیانەوە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی کرێکارەکە دەکەن.
دوای رێکارە پزیشکی و یاساییەکان لە دادپزیشکی هەولێر، تەرمی ئەو هاونیشتمانییە رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بۆ رووداو، ئەم ساڵ 45 کرێکار لەکاتی کاردا لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
ئەو کرێکارانەی ئەم ساڵ گیانیان لەدەستداوە بەگوێرەی شار و ئیدارەکان بەمشێوەیە بووە: لە سلێمانی 15 کرێکار، لە هەولێر 11 کرێکار، لە دهۆک 9 کرێکار و لە هەڵەبجە 1 کرێکار، لە ئیدارەی سۆران 4 کرێکار، لە زاخۆ 3 کرێکار و لە گەرمیان 2 کرێکار.
بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، ساڵی رابردوو 62 کرێکار لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە، کە بەگوێرەی شارەکان بەمشێوەیە بوو: هەولێر 9 کرێکار، سلێمانی 26 کرێکار، گەرمیان 12 کرێکار، دهۆک 5 کرێکار، هەڵەبجە 1 کرێکار، سۆران 4 کرێکار، زاخۆ 4 کرێکار و لە راپەڕین 1 کرێکار.
بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان ئاماری مردنی کرێکاران لە ساڵانی رابردوو بەمشێوەیە بووە:
- ساڵی 2024: 62 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2023؛ 53 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2022؛ 41 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2021؛ 37 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2020؛ 35 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2019؛ 38 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2018؛ 25 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2017؛ 16 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2016؛ 62 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.