پەرلەمانتارێکی پارتی: هەندێک حیزب و پەرلەمانتاری کورد دژی ئەوەن 30 رۆژ جارێک مووچە بدرێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، "عەقڵێکی شۆڤێنی" لە بەغدا بە پلان و بەرنامە کار بۆ دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات، "حیزب و پەرلەمانتاری کوردیشی تێدایە." هاوکات ئاشکرای دەکات، لەبارەی مووچە دواکەوتووەکانەوە نامەیەک ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، میوانی بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، تێیدا بە تووندی هێرشی کردە سەر حکومەتی عێراق لەبارەی پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان.
"یارییەکی زۆر سەیر دەکەن"
شوان کەلاری دەڵێت، هیچ پاساوێکی یاسایی و دەستووری بۆ نەناردنی مووچە نەماوە، "ئیدی هیچی ناوێت بۆ ناردنی مووچە، تەنیا وەزیری دارایی بڕیار دەدات. یارییەکی زۆر سەیر دەکەن بە هەڵسوکەوتێکی نابەرپرسانە، نادەستووری و نایاسایی."
لە کاتێکدا فەرمانبەرانی عێراق مووچەی مانگی 10 وەردەگرن، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی مووچەی مانگی هەشتن. بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چەندین جار بەڵێنی چارەسەری کێشەکەی داوە و گوتوویەتی، "بابەتی داهاتی نانەوتی نابێتە هۆکارێک بۆئەوەی مووچە دوابکەوێت."
کەلاری رایگەیاند، ئەمڕۆ نامەیەک ئاراستەی سوودانی دەکات و پێشنیازێکیشی خستەڕوو، "ئەگەر مووچەی مانگی 8 بنێرن، چوار مووچەمان دەمێنێت. با حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی رازی بێت بە بڕینی 120 ملیار دینار لە پشکی چوار مووچەی داهاتوو، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق هەر چوار مووچە دواکەوتووەکە بنێرێت."
"پەرلەمانتاری کورد لەگەڵیان کۆدەبێتەوە"
شوان کەلاری ئاشکرای کرد، کێشەکە تەنیا تەکنیکی نییە، بەڵکو "عەقڵێکی شۆڤێنی" لەپشتیەوەیەتی کە "بە بەرنامە و بە پلان مووچە دوادەخەن، بۆئەوەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن و رێگە لە گەشەکردنی بگرن."
ئەو پەرلەمانتارە زیاتر روونیکردەوە و گوتی، "لەسەر ئاستی عێراق، حیزبی کوردییشی تێدایە، پەرلەمانتار و فراکسیۆنی کوردیشی تێدایە پێکەوە دادەنیشن و کۆبوونەوەی نهێنی دەکەن، بەدوای ئەو فاکتەرانەدا دەگەڕێن کە وا نەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان 30 رۆژ جارێک مووچە بدات."
کەلاری ئاماژەی بەوەش دا، هەندێک لەو حیزب و سەرکردانە لە "زۆنی سەوز"ەوە هاوکاریی بەغدا دەکەن بۆ لێدان لە پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
"پارتی لە سلێمانی 2 بۆ 4 کورسی دەهێنێت"
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی متمانەی خۆی بە دەنگی جەماوەری پارتی لە سنووری سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین و هەڵەبجە نیشاندا و رایگەیاند، "جەماوەری ئێمە خاوەن بیر و باوەڕ و رۆحی تەحەدان."
شوان کەلاری، کە خۆیشی بەربژێری حیزبەکەیەتی لە بازنەی سلێمانی پێشبینیی کرد، "لە باشترین دۆخدا سێ بۆ چوار کورسی لە بازنەی سلێمانی بەدەست دەهێنین و لە خراپترین دۆخیشدا پارتی ئەو دوو کورسییەی ئێستای دەهێنێتەوە و دۆخی لە هەڵبژاردنی پێشوو باشتر دەبێت."