تۆماس باراک سوپاسی نێچيرڤان بارزانى دەکات بۆ رۆڵی لە چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى كورد له‌ سووريا

 
رووداو دیجیتاڵ
 
پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و تۆماس باراک، باڵيۆزى ئه‌مريكا له‌ توركيا و نێرده‌ى تايبه‌تى ئه‌مريكا بۆ سووريا، په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنييان ئه‌نجامدا.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، له‌ په‌يوه‌ندييه‌كه‌دا هه‌ردوولا دۆخى سووريا و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌يان تاوتوێ كرد. له‌م باره‌يه‌وه‌ "هاوڕا بوون كه‌ پێويسته‌ كێشه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌‌ به‌ رێگه‌ى گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن، چاره‌سه‌ر بكرێن".
 
ئاماژە بەوەش دراوە، "باراک سوپاس و ستايشى بۆ رۆڵى سه‌رۆک نێچيرڤان بارزانى و هاوكارى و يارمه‌تيدانى له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى كورد له‌ سووريا له‌گه‌ڵ ديمه‌شق، دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها داواى به‌رده‌واميى گێڕانى رۆڵه‌ ئه‌رێنييه‌كه‌ى لێكرد".