پیاوێک لە کەرکووک تەقە لە ژنەکەی دەکات و پاشان خۆی دەکوژێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، پیاوێکی تەمەن 65 ساڵ تەقەی لە هاوژینەکەی کردووە، کە تەمەنی 46 ساڵە، پاشان خۆی کوشتووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2025 عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پیاوەکە بەهۆی تەقەکردن لە خۆی، لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە."
 
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتیشی، "ژنەکە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، ئێستا لەژێر چاودێریی چڕدایە و باری تەندروستیی ناجێگیرە."
 
بە گوتەی عامر نووری، "هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە بۆ زانینی وردەکاری و هۆکارەکانی، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانیش پێدەچێت کێشەیەکی خێزانی لەپشت ئەم رووداوەوە بێت."
 
ئەو خیزانە لە نەتەوەی عەرەبی کەرکووکن.