مەسرور بارزانی لە زاخۆ: ئەو شوێنەی پارتی لێ نەبێت، تێیدا پیلان دەرحەقی کوردستان دەگێڕدرێت

رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی لە ئاهەنگێکی جەماوەریدا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاند، ئەو پڕۆژانەی بۆ شارەکە کراون، "ئەرکن و منەتی تێدا نییە،" داوای کرد خەڵکی زاخۆ دەنگیان بۆ پارتی بێت و گوتی: "ئەو شوێنەی پارتی لێ نەبێت، تێیدا پیلان دەرحەقی کوردستان دەگێڕدرێت."
 
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی 21-10-2025 لە گوتارێکی جەماوەریدا لە شاری زاخۆ، داوای متمانەی تەواوی لە خەڵکی قارەمانی شارەکە کرد بۆ سەربەخستنی لیستی 275ی پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دا. ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی پارتی لە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و زاخۆ بەتایبەتی دا.
 
مەسرور بارزانی بە گەیاندنی سڵاوی سەرۆک بارزانی بە جەماوەری پارتی و خەڵکی زاخۆ دەستی بە گوتارەکەی کرد و زاخۆی بە "دڵی جەنابی سەرۆک" و شاری "شەهیدان و پێشمەرگەی قارەمان" وەسف کرد و رایگەیاند کە بوونی "لەنێو خەڵکی زاخۆ دا جێی شانازییەکی گەورەیە."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، گرنگیی هەڵبژاردنی داهاتووی بۆ پەرلەمانی عێراق روونکردەوە و گوتی: "ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەوەیە کە بەربژێرانی خۆمان بنێرینە پەرلەمانی عێراق، ئەو پەرلەمانە و ئەو هەڵبژاردنە بۆ ئێمە گرنگن، چونکە بەداخەوە پێش ئێستا، خەڵکێکی دیکە کە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستانی کردووە لە عێراق، وەکو پێویست بەرگرییان لە مافی خەڵکی کوردستان نەکردووە."
 
هاوکات داوای لە جەماوەر کرد کە بە یەک دەنگ لیستی 275ی پارتی سەربخەن بۆ ئەوەی "جارێکی دیکە کەسێک نە لە بەغدا و نە لە هیچ شوێنێک لە هەرێمی کوردستان نەتوانێت مافی دەستووریی ئێوە پێشێل بکات."
 
جێگری سەرۆکی پارتی پەیامی سەرۆک بارزانیشی گەیاندەوە کە بانگەشەیەکی شارستانی و دوور لە تووندوتیژی ئەنجام بدرێت. ئەو گوتی: "ئامۆژگاری و سپاردەی جەنابی سەرۆک بۆ ئێمە هەمووان ئەوەیە کە لە ئاستێکی بەرزدا بانگەشەی هەڵبژاردن بکەین، ئێمە خۆمان ناهێنینە ریزی خەڵکێک کە دژایەتیی پارتی دەکات." هەروەها جەختی لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان کردەوە.
 
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە "بوونی پارتی لە بەغدا زۆر گرنگە"، چونکە "ئەو شوێنەی پارتی لێ نەبێت، تێیدا پیلان دەرحەقی کوردستان دەگێڕدرێت." ئەو پێشمەرگەکانی بە "قارەمان" وەسف کرد و داوای کرد کە "جارێکی دیکە بچینەوە سەنگەری خەبات، بەڵام ئەمجارەیان بە قەڵەمەکانمان، دەستمان و دەنگمان جارێکی دیکە رێ لە داگیرکەران بگرین و رێبازی پارتی و بارزانی سەربخەین."
 
لەبارەی دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی لە ماوەی رابردوودا، مەسرور بارزانی چەندین نموونەی هێنایەوە، لەوانە باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا لە زاخۆ: "بەر لە چەند رۆژێکیش کارەبای 24 کاژێری لە زاخۆ تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو بووە لە کۆتایی ئەم مانگە کارەبای ناوەندی زاخۆ دەبێتە 24 کاژێری. ئینشاڵڵا تاوەکو کۆتایی ساڵ دەوروبەری زاخۆش دەبێتە 24 کاژێری."
 
هەروەها ئاماژەی بە پێشخستنی رێگاوبان و کۆڕنیشی زاخۆ دا: "پێش چەند ساڵێک 60٪ی جادەکانی زاخۆ هێشتا خۆڵ بوون، سوپاس بۆ خوا ئێستا قیڕ دەکرێن، کۆڕنیشی زاخۆ جێیەک بوو خەڵک نەیدەتوانی بۆی بچێت، ئێستا یەکێکە لە جوانترین کۆڕنیشەکان لەسەر ئاستی هەموو عێراق."
 
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە خزمەتکردن "ئەرکە و واجبە" و هیچ منەتێکی تێدا نییە. ئەو گوتی: "هێزی پارتی، هێزی خەڵکی کوردستانە، هێزی خوێنی شەهیدانە، هێزی پێشمەرگەی قارەمانە، هێزی ئێوەیە، هێزی گەنج و لاوانی ئێمەیە، پارتی شتێکی نییە جیاوازبێ لە خەڵکی کوردستان، دۆست و دوژمنیش باش دەزانن کە پارتی واتە کوردستان و کوردستان واتە پارتی."
 
دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان: 
 
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
جەماوەری قارەمانی زاخۆ
ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان
دڵسۆزانی رێبازی بارزانی...
 
سڵاوی خواتان لێبێت و سڵاوی جەنابی سەرۆک دەگەیێنمە هەمووتان..
 
بەخێرهاتنێکی گەرم و سوپاسی ئادەبوونی هەمووتان دەکەم بۆ ئاهەنگی بانگەشە بۆ لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان.
خوشک و برایانی هێژا.. با پێکەوە هەموومان بەخێرهاتنێکی گەرمی بەربژێرانی پارتی بکەین،  کە ئەمڕۆ لێرە ئامادەن، بەخێربێن سەرچاو.
 
خوشک و برایانی هێژا.. کاتێک ئێمە دێینە زاخۆ، ئێوە هێزێکی وامان پێدەدەن کە مرۆڤ هەست بە شانازییەکی زۆر بکات کە لەنێو خەڵکی خۆیدایە، لە شوێنێکە کە دڵی جەنابی سەرۆکە، لەبەر ئەوە بۆ ئێمە جێی شانازییەکی زۆر گەورەیە کە ئێستا لەگەڵ ئێوەداین.
 
ئێرە شاری شەهیدانە، شاری پێشمەرگەی قارەمانە، ئێوە خەڵکێکی خۆڕاگرن، ئێوە دڵی جەنابی سەرۆکن، لەبەرئەوە ئەمڕۆ ئێمە هاتووینە خزمەتی ئێوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە داوای ئەوەتان لێبکەین متمانەمان پێبدەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پارتی دیموکراتی کوردستان ببێتە سەرکەوتووترین حیزب لە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ پەرلەمانی عێراق.
 
خوشک و برایانی هێژا..
 
ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەوەیە کە بەربژێرانی خۆمان بنێرینە پەرلەمانی عێراق، ئەو پەرلەمانە و ئەو هەڵبژاردنە بۆ ئێمە گرنگن، چونکە بەداخەوە پێش ئێستا، خەڵکێکی دیکە کە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستانی کردووە لە عێراق، وەکو پێویست بەرگرییان لە مافی خەڵکی کوردستان نەکردووە، ئێمە بۆ ئەمجارە پێویستە ئەو کەسانە بنێرینە پەرلەمانی بەغدا بۆ ئەوەی پارێزگاری و بەرگری لە هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان و خەڵکی عێراقیش بکەن، جارێکی دیکە کەسێک نە لە بەغدا و نە لە هیچ شوێنێک لە هەرێمی کوردستان بتوانێت مافی دەستووریی ئێوە پێشێل بکات، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە هەموومان پێکەوە بچینە سەر سندووقی دەنگدان و بە یەک دەنگ لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان سەربخەین.
 
ئامۆژگاری و سپاردەی جەنابی سەرۆک بۆ ئێمە هەمووان ئەوەیە کە لە ئاستێکی بەرزدا بانگەشەی هەڵبژاردن بکەین، ئێمە خۆمان ناهێنینە ریزی خەڵکێک کە دژایەتیی پارتی دەکات یان لەسەر حسابی دژایەتیی پارتی بە ساڵان یاخود بە خێری پارتی بەردەوام بوون.
 
ئێمە دەمانەوێت ئاستی پارتی و ئاستی رێبازی بارزانی بە رێز و ئیحتیرامەوە بۆ خەڵکی کوردستان و تەنانەت لەگەڵ نەیارانی خۆشی، بە زمانێکی ئارام، ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان بپارێزێن، ئەم هەڵبژاردنانە بە شێوەیەکی زۆر پێشکەوتوو و شارستانی بەڕێوەببەین. داوای ئێمە لە ئێوە هەمووان ئەوەیە کە زۆر لەسەرخۆ بەڵام بە گەرمی بچنە سەر سندووقی دەنگدان و، بە هاتوهاوار نا، بەڵکو بە دەنگی خۆتان بۆ هەموو جیهانی بسەلمێنن کە پارتی گەورەترین و سەرکەوتووترین حیزبە ئێستا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا.
 
خوشک و برایانی هێژا..
 
ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێمە گرنگە چونکە جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە، ئەو شوێنەی پارتی لێ نەبێت، تێیدا پیلان دەرحەقی کوردستان دەگێڕدرێت، بەڵام هەرجێیەک پارتی لێبێت، نەیاران هیچ جارێک نەیانتوانیوە بەرامبەری ئیرادەی خەڵکی پارتی راوەستن، لەبەر ئەوە بوونی پارتی لەم کاتەدا زۆر زەرورە لە بەغدا.
 
ئێوە ئەو پێشمەرگانەن کە دوێنێ داستانتان تۆمارکرد بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان، ئێوە کچ و کوڕی ئەو پێشمەرگانەن کە لە بست بە بستی خاکی کوردستان بەرگریی لە مافی خەڵکی کوردستان کردووە.
 
پێویستە ئەمڕۆ جارێکی دیکە بچینەوە سەنگەری خەبات، بەڵام ئەمجارەیان بە قەڵەمەکانمان، دەستمان و دەنگمان جارێکی دیکە رێ لە داگیرەکەران بگرین و رێبازی پارتی و بارزانی سەربخەین.
خوشک و برایانی هێژا..
 
پێش ئێستا، ئەوە چەند ساڵە، ئێمە هەموومان یەک دەناسین و یەکدیمان ئەزموون کرد، دەستکەوتی پارتی دیارن، خەبات و قوربانیدانی پارتی دیارە، خوێنی پێشمەرگەی ئێمە لە هەموو بەش و پارچەی کوردستان رژێنراوە، پێشمەرگەی ئێمە لە هەموو شوێنێک خەباتی کردووە و قوربانیی داوە و خۆی ماندوو کردووە، کاتێک پێویستی بە بەرگری و شەڕ بووبێت، ئێمە لە نێو سەنگەردا بووین، کاتێک پێویستمان بە ئاوەدانی بووبێت دیسان پارتی سەقافڵەی ئاوەدانی بووە لە هەموو کوردستان.
 
ئێستا ئێمە پێویستمان بە دەنگی ئێوەیە، پێویستمان بە پشتیوانیی ئێوەیە، بۆ ئەوەی بڵێینە خەڵکی دیکەش کە ئەمە پارتییە. پارتی نەک تەنیا بەرامبەری دوژمن زیرەکە و پێی دەکرێ رێیان لێبگرێت، بەڵکو لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستانیش هیچ هێزێک نییە لەپێشەوەی پارتیدا بێت. ئەو خزمەتەی پارتی بە خەڵکی خۆیی کردووە؛ بە خەڵکی کوردستانی کردووە بەبێ جیاوازی، ئەوە خۆی شاهێدی قسەکانی ئێمەیە.
 
ئەگەر خەڵکی دیکە بەڵێن بداتە ئێوە کە ئەوەتان بۆ دەکات، پێویست ناکات ئێمە هیچ بەڵێن بدەینە خەڵک، تەنیا پێویستە سەیری ئەو ساڵانەی رابردوو بکەین کە پارتی چی کردووە بۆ خەڵکی کوردستان، یەک یەک ئەو هەموو دەستکەوت و پرۆژانەیان بۆ ریز بکەین کە ئەوە هەمووی دەستکەوتی ئێوە بوونە؛ هی حیزبەکەی ئێوە بووە و هی ئەو متمانەیە بووە کە ئێوە داوتانە بە حکومەتەکەی خۆتان.
 
پارتی هەمیشە دەستکەوتی گەورەی بۆ خەڵکی کوردستان هەبووە، پارتی شانازی بە قوربانیدانی خۆیەوە دەکات، پارتی هەرگیز خزمەتی نەکردووەتە منەت، خزمەت ئەرکە، واجبە.. بەردەوام دەبین لە جێبەجێ کردنی ئەرک و واجبی خۆمان، بۆ ئەوەی خزمەتی میللەتی خۆمان بکەین ئینشائەڵڵا.
 
پارتی هەرچەند بەردەوام بووبێ لە خزمەتکردن، زۆر پیلانیش هەبووە بۆ ئەوەی رێگریمان لێبکات، رێبگرن لە خزمەتکردنی خەڵک، ئاوەدانی نەبێت، پیلان گێڕدراوە و هاوپەیمانی دروستکراوە لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق بۆ ئەوەی رێ لە پێشکەوتنی پارتی بگرن، پارتی رووحی کوردستانە، ئەوەی بەرانبەری پارتی دەوەستێتەوە دەبێ باش تێبگات میللەتی کوردستان هەمووان بەرامبەری ئەو ناحەزانە رادەوەستن.
 
هێزی پارتی، هێزی خەڵکی کوردستانە، هێزی خوێنی شەهیدانە، هێزی پێشمەرگەی قارەمانە، هێزی ئێوەیە، هێزی گەنج و لاوانی ئێمەیە، پارتی شتێکی نییە جیاوازبێ لە خەڵکی کوردستان، دۆست و دوژمنیش باش دەزانن  کە پارتی یانی کوردستان و کوردستان یانی پارتی.
 
کاتێک پارتی بەرنامەی دادەنا کە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات و مافە دەستوورییەکانیان جێبەجێ بکات، پیلان و بەرنامە هەبوون کە چۆن بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان ببڕدرێن، بەرنامە هەبوو چۆن رێ لە پێشکەوتنی کوردستان بگرن، بەرنامەیان هەبوو چۆن گرفتی ئەمنیەت و ئاسایش بۆ کوردستان دروست بکەن، بەرنامە هەبوو چۆن هەرێمی کوردستان بچووک بکرێتەوە، ئەو بەرنامانە تاوەکو ئێستاش بەردەوام بوون، بەڵام بە هێز و ئیرادەی خەڵكی کوردستان بەرنامەکانیان سەرنەکەوت و سەریش ناکەوێت، چونکە خوامان لەگەڵە و ئێوەمان لەگەڵدایە.
 
کاتێک پێویست بێت، ئێمە وەڵامی نەیاری بەرەی بەرخۆدان بدەینەوە، ئێمە هەموو کاتێک ئامادە بووین و ئێستاش لێرە ئامادەین لە بەرەی بەرخۆدان دا بین، بەڵام کاتێک پێویست بێت وەڵامی نەیار و دوژمن بە خزمەتی میللەتی خۆمان بدەینەوە، دیسان ئێمە ئامادەین و دیسانیش بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی میللەتی خۆمان و بە پرۆژەی خۆمان و سەرکەوتنی پارتی وەڵام نەیارانمان دەدەینەوە.
 
خوشک و برایانی هێژا..
 
ئێمە چەندین دەستکەوتی مەزن لەسەر ئاستی کوردستان بۆ هەموو ناوچەکان هەبووە، یەکێک لەوانە پرۆژەی رووناکی بووە بۆ رووناککردنەوەی کوردستان، بەر لە چەند رۆژێکیش کارەبای 24 کاژێری لە زاخۆ تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو بووە لە کۆتایی ئەم مانگە کارەبای ناوەندی زاخۆ دەبێتە 24 کاژێری. ئینشائەڵڵا تاوەکو کۆتایی ساڵ دەوروبەری زاخۆش دەبێتە 24 کاژێری.
خوشک و برایانی هێژا، کاتێک ئێمە باسی خزمەت دەکەین هیچ کات منەتی تێدا نییە وحەقی ئێوەیە، ئێوە ئەوەندە خزمەت و خەباتتان کردووە کە ئێمە شەو و رۆژ خزمەتی ئێوە بکەین، واجبی ئێمە، ئەرکی ئێمەیە و هیچ منەتی تێدا نییە.
 
من چەندین جار هاتوومەتە زاخۆ، هەموو جار سپاردە و ئامۆژگاریی جەنابی سەرۆک ئەوە بووە کە پێویستە خزمەتی خەڵكی قارەمانی زاخۆ بکەن، پێویستە خزمەتی خەڵکی تێکۆشەر و قارەمانی زاخۆ بکەین، ئێمەش بە واجب خزمەتمان کردوون.
من سوپاسی ئێوە دەکەم کە ئەو متمانە و رێگەیەتان داوەتە ئێمە بێین خزمەتی ئێوە بکەین.. پێش چەند ساڵێک 60٪ی جادەکانی زاخۆ هێشتا خۆڵ بوون، سوپاس بۆ خوا ئێستا قیڕ دەکرێن، کۆڕنیشی زاخۆ جێیەک بوو خەڵک نەیدەتوانی بۆ بچێت، ئێستا یەکێکە لە جوانترین کۆڕنیشەکان لەسەر ئاستی هەموو عێراق.
 
زۆر خزمەتگوزاری بۆ زاخۆ کراوە کە رەنگە دیار نەبن بەڵام کۆڕنیش زۆر دیارە، هەرچەندە خزمەتگوزاری دیکە بۆ دەروروبەری زاخۆ کراون کە هیچیان لە کۆڕنیشی زاخۆ کەمتر نییە. دیسان ئەمە واجبە، بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی خەڵکی زاخۆ و ئاوەدانیی هەموو کوردستان ئینشائەڵڵا.
 
خوشک و برایانی هێژا..
 
ئێمە بەرنامەی زیاتر و پێشكەوتووترمان هەیە بۆ ئەوەی زاخۆ ببەینە قۆناخێکی دیکە و زۆر زیاتر خزمەتی خەڵکی زاخۆ بکرێت.. هیوای ئێمە ئەوەیە کە خوا پشتیوانمان بێت و ئێوەش بەردەوامبن و متمانەمان پێبکەن ئینشائەڵڵا زۆر خزمەتی زیاتر دەکرێن. 
زاخۆییەکان خەڵکێکی قارەمانن، پێشمەرگەی قارەمانن، لە هەمان کاتیشدا هونەرمەندی زۆر لێهاتوون، زۆر جاران کە هاتوومە زاخۆ گەنجی دەنگخۆش دەبینم گۆرانی دەڵێن، زاخۆ جێی پێشخستنی هونەر و کولتووری کوردستانە، لەبەر ئەوە گرنگییەکی زۆر زیاتر دەدەینە کولتوور و هونەر لە زاخۆ و هەموو کوردستان. 
گەنجانی ئێمە لە زاخۆ، وەرزشڤانی زۆر بەهێزن، پێش ماوەیەک دیتمان کە یانەی زاخۆ سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، وەکو من بزان سبەیش یارییەکی هەیە لە بەحرەین، هەر لێرەوە پشتیوانیی خۆمانی بۆ دەردەبڕین و هیوادارین سەرکەوتووبن. ئینشائەڵڵا سەرکەوتنی زیاتر بەدەست دەهێنن و ناوی کوردستان لە وەرزشدا دەچێتە سەر نەخشەی جیهان. 
 
خوشک و برایانی هێژا..
 
کاتێک ئێمە بڕیاری خزمەتی کوردستانمان دا، بڕیارماندا بەبێ جیاوازی خزمەت بکەین، هیچ گوند، ناوچە و شوێنێک لەبیر نەکرێت، هەر دەڤەرێک تایبەتمەندەی خۆی هەیە، خزمەتی دهۆک بکرێت، سێمێل، زاخۆ، بێتۆڤا، سۆران، هەولێر و هەڵەبجە و گەرمیان و هەر شارێکی کوردستان و هیچ جێیەک بێبەش نەبێت و تایبەتمەندییان لەبەرچاو بگیرێت. جێی سەربڵندییە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی هەموو کوردستان خزمەتگوزاریی پێشکێش کردووە، ئەمە بووەتە جێی شانازی بۆ خەڵکی کوردستان و بووەتە عوقدەیەک بۆ ئەو نەیارانەی کوردستان کە چاویان بە کوردستان هەڵنایەت.
 
زۆر هەن چاویان بە کوردستان هەڵنایەت و بەڵێن دەدەن کە قەوارەی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنرێتەوە، رێ لە پێشکەوتنی کوردستان بگرن چونکە گەندەڵی لەنێو خۆیاندا رێگە نادات خزمەتی خەڵکی خۆیان بکەن.
 
لێرە پەیامی ئێمە بۆ هەموو خەڵکی عێراقە، پەیامی کوردستان بۆ هەموو خەڵکی عێراقە، کاتێک تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر عێراق، دەرگای خەڵکی کوردستان کراوە بوون بۆ خوشک و برایانی عەرەب و تورکمان و کریستیان، خوشک و برایانی ئێزدیی ئێمە، خوشک و برایانی کریستیان کە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەژین، ئەو ناوچانەی داگیر کراون، هەروەها ئەو خوشک و برایانەی عەرەب کە لەسەر بابەتی ئابووری یانیش نەبوونی خزمەتگوزاری روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، هەرێمی کوردستان دەرگای کراوە بوون بۆ ئەوەی نیشانی هەموو دونیای بدەین کە سەخاوەت، مێرخاسی، ماڵ و کولتووری کوردستان و باوەڕمان بە پێکەوەژیان، رێبازی پارتی و بارزانی چەند پتەوە.
 
ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی خزمەتی هەموو خەڵکی عێراق بکەین، ئەمجارە نەک تەنیا خەڵکی عێراق هاتووە لە دەرگای کوردستان بدات و داوا بکەن لێرە بە ئارامی بژین، ئێستا داوای هەموو خەڵکی عێراق ئەوەیە کە پارتی بەرگریی لە مافی ئەوانیش بکات لە پەرلەمانی عێراقدا. 
 
بەربژێر و ئەندامانی ئێمە کاتێک دەچنە پەرلەمانی بەغدا، بۆ ئەوە دەچن لەوێ پارێزگاری لە مافی دەستووری کوردستان بکەن، نابی هیچ کەس و لایەن و هێزێکی سیاسی، ماف و دەسەڵاتی هەبێت کە مافی دەستووریی هەرێمی کوردستان پێشێل بکات. مووچە بکاتە بابەتێکی کەسی و میزاجی کەسی کە ئایا مووچەی هەرێمی کوردستان دەنێرن یان نا، مافی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت یان نا، ئەو خۆی بە خاوەن بزانێت و پێی وابێت ئێمە بەدوای ئەو دەکەوین، ئێمە بەدوای کەس نەکەوتووین و  هیچ کاتێکیش بەدوای هیچ کەسێکدا ناکەوین. باوەڕمان بە فیدراڵییەتی عێراق هەیە، باوەڕمان بە دیموکراسیەت هەیە، باوەڕمان بەو کەسانە هەبووە کە باوەڕمان پێیان کردوون و هاتە سەر دەسەڵات، تاوەکو ئەوان ببنە بریکاری ئێمەبن و بەرگری لە مافی ئێمە بکەن؛ بەڵام کاتێک ببینین خەڵکانێک ئەمانەتی خۆی بەجێ ناگەیێنن، پارێزگاری لە مافی کوردستان ناکەن، ئەوکات هیچ رێگە لەبەردەم ئێمە نامێنێت، تەنیا ئەوە نێت خۆمان بچینە بەغدا و پارێزگاری لە مافی خۆمان بکەین.
 
ئەمجارە ئەم خوشک و برایانە دەچنە بەغدا بۆ ئەوەی بەرگری لە مافە دەستوورییەکانمان بکەن، ببنە پاڵپشت بۆ هەموو مافەکانی دەستووری کە بەبێ جیاوازی پێویستە وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن، بۆ ئەوەی سەرکەتووبین و پەیامی ئێمە لە بەغدا بەهێز بێت، پێویستمان بە دەنگ و پشتیوانی و متمانە و باوەڕی ئێوەیە. بۆیە ئێوە متمانەی خۆتان بە ئێمە بدەن و ئێوەش بەرچاوتان روونە بۆ ئەوەی ئێمە خزمەتکاری ئێوە بین و ئەمانەتی ئێوە بەجێ بگەیێنین، ئەو باوەڕییەی ئێوە کە بە ئێمەی دەدەن بۆ ئەوەیە جارێکی دیکە لە خزمەتی وڵاتی خۆمان بەکاری بهێنینەوە.
 
خەڵکی عێراق هەموو سەیری  کورستان دەکەن، سەیری پێشکەوتنی ئێمە  و شوێنە گەشتیارییەکانمان دەکەن، ئەمە لە ئێوە پیرۆز بێت، شایستەی زۆر لەمە زیاترن، خوا پشتیوان بێت لە هەموو رووێکەوە زۆر زیاتر خزمەتی ئێوە دەکەین، کەرتی کشتوکاڵی، پیشەسازی، تەندروستی، خوێندن، هەر بوارێکی دیکە پێمان بکرێت خزمەتی ئێوە دەکەین، ئێمە کەمتەرخەمی ناکەین، پیرۆزی ئێوەبێت.بەڵام خەڵێکی دیکە چاو لە ئێوە دەکات، داواکارییان ئەوەیە پێشکەوتن و ئەزموونی پێشکەوتنی کوردستان بۆ ئەوانیش بگوازرێتەوە. 
زۆرجار تۆمەت ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بەوەی کوردستان مافی عێراق دەخوات. خوشک و برایانی بەڕێز.. هەندێک راستی هەن پێویستە ئێوە بیزانن، هیچ کات حکومەتی عێراق مافی هەرێمی کوردستانی وەک خۆی نەداوە، هیچ کاتێک ئەو بڕە بودجەی لە یاسای بودجە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە نەکراوە، 5٪ بودجەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە، ئەوە لەکاتێکدایە 14٪ی دانیشتووانی عێراق لە هەرێمی کوردستانن، تەنیا بە 5٪ خزمەتی هەرێمی کوردستانمان کردووە.
ئەو پیشکەوتنەش هاتووەتە کایەوە، بەهۆی خەمخۆریی ئێوە بووە، خەمخۆری کوڕ و کچی ئێوە بووە، خەمخۆری نوێنەرانی ئێوە بووە لە حکومەت و پەرلەماندا، کە بە دڵێکی پاک خزمەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، با کەس هیچ جارێک منەتمان بەسەرەوە نەکات، کەس مافی خۆی بە ئێمە نەداوە، بەڵکو مافی ئێمەیان خواردووە. 
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر مافی هەرێمی کوردستان خوراوە و بودجە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە نەکراوە، باشە بۆ ئەم بودجەیە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق خەرج نەکراوە؟ بەڕاستی ئەو بودجەی بۆ ئێمە رەوانەکراوە، لە هەمان کاتدا بەشی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش خەرج نەکراوە. زۆرجار خوشک و برایانی عەرەب لە باشوور وناوەڕاستی عێراق گوێمان لێ دەبێت، هەموولایەنەکانی عێراق کە دێنە لای ئێمە و پێمان دەڵێن، کە ئێمە زۆر بەش خوراوین، خزمەتگوزاریی نییە، ئاوی خواردنەوە نییە، کارەبا نییە، قوتابخانە نییە، نەخۆشخانە نییە، رێگاوبان نییە، باشە عێراقێکی ئەوەها دەوڵەمەند و ئەم هەموو سەروەت و سامانە لە دەست ئەم دەسەڵاتەدا هەیە، لە کێ خەرجی دەکەن؟ بۆ کوێ دەچیت؟ مادام بۆ هەرێمی کوردستان نەچێت، مادام بۆ خەڵک هەژاری عێراقیش نەچێت، ئەمە جێگەی پرسیارە ئەو پارە لە کوێیە؟ خوشک و برایانی ئێمە پێویستە لە پەرلەمانی عێراق ئەو پرسیارە بکەن بزانن سەروەت و سامانی ئەم خەڵکەی بۆ کوێ چووە و  دەبێت جارێکی دیکە بۆ ئەم خەڵکە بگەڕێتەوە.
ئەمانە زۆرجار بەڵێن دەدەنە یەکدی کە قەوارەی هەرێمی کوردستان ناهێڵن، شکستی خۆیان بەوە دەشارنەوە کە پێویستە هێرشی سەر هەرێمی کوردستان بکەن، شکستی خۆیان بەوە دەشارنەوە کە پێویستە بچن رێگری لە هەرێمی کوردستان بکەن، باشە ئەگەر ئێوە ناتوانن پێشبکەون، بۆچی رێگری لە پێشکەوتنی خەڵکی دیکە دەکەن؟
پەیامی ئێمە بۆ هەموولایەک ئەوەیە، کە ئێمە نە شەڕخوازین، نە دەمانەوێت رۆژێک لە رۆژان شەڕی هیچ لایەنێکی دیکە بکەین، تەنیا خوامان لەگەڵە، هەرکەسێک چاوببڕێتە داگیرکردنی کوردستان سەری خۆی لە چیاکانی کوردستان دەدات. 
دەمانەوێت پێکەوە بژین، دەمانەوێت ئاوەدانی بکەینەوە، بەرەوپێش بچین، رێگاوبان و قوتابخانە دروست بکەین، ئاستی خوێندن بەرز بکەینەوە، دەمانەوێت جووتیاری ئێمە بێمنەت بن و بەرهەمەکانیان بفرۆشێت، دەمانەوێت قوتابییەکانمان باشترین ئاستی خوێندنیان هەبێت، نەخۆشخانەکانمان باشترین خزمەت پێشکێشی هاونیشتمانیانمان بکەن، خەڵکی هەرێمی کوردستان چی دیکە بۆ چارەسەر نەچنە دەرەوە وڵات، بەڵکو خەڵکی دەرەوە بێنە هەرێمی کوردستان. 
دەمانەوێت هەموو خزمەتێک پێشکێش بە پزیشکی خۆمان بکرێت، تاوەکو ئەوانیش بتوانن بە باشترین شێوە خزمەتی خۆیان بکەن. دەمانەوێت وەرزشڤانەکانمان سەرکەوتووبن و بەناوی کوردستان بەشداری لە کێبڕکێی جیهانی بکەن، دەمانەوێت کرێکارەکانمان بێمنەت بن و ژیانێکی بەختەوەریان هەبێت، ئومێد و دیدگە و تێڕوانینی ئێمە بۆ ئایندە تەنیا ژیانی رۆژانە نییە، دەمانەوێت کوردستان بگاتە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو،  پێکەوە لەگەڵ ئێوە دەتوانین ئەمە بکەین، خەونی خۆمان کردووەتە راستی، ئەوەشی ماوە دەیکەینە راستی.
 
خوشک و برایانی هێژا...
 
ئەوەی ئێمە باسی دەکەین، هەر تەنیا قسە نیە، کردارمان گەواهیدەری قسەکانمانە، پڕۆژەی رۆناکی-مان جێبەجێ کرد،  پرۆژە هەژماری من-مان جێبەجێ کرد، پڕۆژەی رێگەوبانمان جێبەجێ کرد، سەدان قوتابخانەی نوێمان دروستکرد و هەزارن قوتابخانەی دیکە نۆژەنکراوەنەتەوە، کەرتی تەندروستی بەرەو ئاستێکی بەرزتر چووە، زۆر شوێنی گەشتیاری لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی کوردستان دروستکراون، بەرنامەی زۆر زیاترمان هەیە، بابەتی سیستمی خزمەتگوزاریی دیجیتەڵی لە هەموو کوردستان کەوتووەتە بواری جێبەجێ کردن، ئەوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر خەون بوون ئێستا خەون نین، ئەمانە هەموو ئەو دەستکەوتانەن کە ئەم حکومەتە بەجێی گەیاندووە و پشت بەخوا دەستکەوتی زیاتریش بەدەست دەهێنین. 
جێگەی خۆیەتی لەکاتی خۆشی و ناخۆشیدا، زەحمەتی پێشمەرگە قارەمانەکانمانان لە یاد بێت، پێشمەگە لە چواردەوری کوردستان پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەم خاکە پیرۆزە بە زەحمەت و خەباتی پێشمەرگەی پارێزگاری لێکراوە، سوپاسی پێشمەرگە دەکەین، دەستیان ماچ دەکەین، سوپاسی هێزی ئاسایش و ‌هێزی ناوخۆ دەکەین، بۆ پاراستنی ئەم ئاسایش و سەقامگیرییەی کە لە کوردستاندا هەیە، لە هەموویان زیاتر سوپاسی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەین، ئەم دەستکەوتەی ئێمە هەمانە، بەرهەمی خوێنی ئەو شەهیدانەیە، سەرمان بۆیان دادەنەوێنین، هیوادارین نزای دایکی شەهیدان لەگەڵ ئێمە دابێت و پشتیوانی ماڵی شەهیدان لەگەڵ ئێمەدا بێت. 
پێشمەرگەی قارەمان بەردەوام بن لە پارێزگاریکردنی هەرێمی کوردستان و جەماوەری خۆراگری هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت لە پشتوانیکردنی پارتی بۆ ئەوەی ئەم جارەش پارتی سەرکەوتنێکی گەورە و مسۆگەرتر تۆمار بکات.
خوشک و برایانی هێژا..
 
سوپاس بۆ خوا ئەمە چەند جارە کە دێمە زاخۆ دەبێتە باران، پشت بەخوا ئەمە رەحمەت و بەرەکەتە، نامەوێت ئێوە زۆر بهێڵمەوە و ماندووتان بکەم، جارێکی دیکە داوا لە هەمووتان دەکەم تاوەکو دۆستەکانی ئێمە دڵیان خۆش بێت، ناحەزی ئێمە بێ هیوابن، جارێکی دیکە ئێمە هەموومان پێکەوە خۆمان و کەسوکارمان، دۆست و ناسیاومان بچینە سەر سندووقی دەنگدان و  هێزی پارتی پێشانی هەموولایەکی بدەین و لیستی  275 ی پارتی دیموکراتی کوردستان سەربخەین، نوێنەری خۆمان بنێرینە بەغدا و چاوەڕێی دەستکەوتی گەورەتر بین، چاوەڕێی پێکەوتنی زیاتر بین، چاوەڕێی ئەوەبین کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ پێشبکەوێت و ئاوەدانتر بێت، ئەوکاتیش ئێوە ژیانێکی بەختەوەرترتان هەبێت، هەر ساخ و سەلامەت و سەرکەوتووتر بن، بژی پارتی، بژی بارزانی و بژی جەماوەری خۆراگری زاخۆ. زۆر بەخێرهاتن سەر سەر و چاوان،  زۆر بەخێر بێن.