خولێکی پەروەردە و راهێنانی مامۆستای زمانی کوردی لە سەقز بەڕێوەچوو
رووداو دیجیتاڵ
لە زانکۆی پەیامی نووری سەقز خولێکی فێرکاریی پەروەردە و راهێنان بۆ مامۆستایانی زمانی کوردی بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2025، هاونیشتمانییەکی خەڵکی سەقز و بەشداربووی خولەکە بە رووداوی راگەیاند، "لە راهێنانێکی پەروەردەییدا خولێکی فێرکاریی پەروەردە و راهێنانی مامۆستای زمانی کوردی لە زانکۆی پەیامی نووری سەقز بەڕێوەچوو، کە دوو مانگی خایاند."
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی، "لە خولەکەدا شێوازە نوێیەکانی وانەبێژی و فێرکاریی زمانی کوردی فێری مامۆستایانی بەشداربوو کرا."
خولەکە لەلایەن د. ئیبراهیم ئیسماعیلپوور( دکتۆر شەماڵ) سەرپەرشتی کرا و تێیدا چەندین بابەتی پەروەردەیی لەوانە وانەگوتنەوە، بەڕێوەبردنی خولەکانی راهێنانی زمانی کوردی و شێوازە نوێکانی وانەگوتنەوە و فێرکاری زمان گوترایەوە.
بە گوتەی هاونیشتمانییەکە، فێرخوازانی ئەم خولە بە شێوازی کردەیی و پرۆژەی تایبەت کاری وانەگوتنەوە و مامۆستاییان ئەنجامدا.
لە کۆتاییدا لەلایەن زانکۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بڕوانامەی فەرمی بەخشرایە 44 کەسی بەشداربوو لە خولەکە.