لە رۆژی هەڵبژاردندا فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان کراوە دەبن؟
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، بۆ هەر بڕیارێک لەبارەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە رۆژی دەنگدان، چاوەڕوانی دەستەی فڕۆکەوانیی سڤیلی عێراقی دەکەن. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەبارەی کرانەوە یان داخستنیان لە رۆژی هەڵبژاردن بۆ نەهاتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە رووداوی گوت، لە رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردندا هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر خشتەی گەشتەکاندا نەهاتووە، هەندێک گەشت پێش و دوا خراون، بەڵام بەگشتی نەگۆڕاون.
لەبارەی دەروازە سنوورییەکانیش لە رۆژانی هەڵبژاردندا، کە بڕیارە 9ی تشرینی دووەم دەنگدانی تایبەت و 11ی تشرینی دووەم دەنگدانی گشتی بەڕێوەبچێت، گوتەبێژی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران گوتی، "هاتووچۆ لە دەروازەی سنووری ئاساییە" و هیچ بڕیارێکیشیان بۆ رۆژانی دەنگدان بۆ نەهاتووە.
گوتەبێژی ئەو دەروازە سنوورییە گوتیشی، "تاوەکو ئێستا دۆخی دەروازەکان ئاساییە و پێشتریش لە رۆژانی دەنگداندا کراوە بوون، بەڵام بۆ ئەمجارە چاوەڕێی بڕیارن."