700 تۆن زبڵ و خاشاک لە یەکتربڕەکانی هەولێر کۆکرانەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
هەموو ساڵێک، لەگەڵ هاتنی وەرزی بارانبارین و سەرەتای زستان، مەترسیی گیرانی یەکتربڕەکانی هەولێر و کۆبوونەوەی ئاو لەسەر شەقامەکان زیاد دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵخی و کێشە بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانییان.
 
لەم کاتەدا، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێر بە شەو و رۆژ لە ئەرکدان بۆ پاککردنەوەی یەکتربڕەکانی هەولێر، کە بەهۆی کەڵەکەبوونی خۆڵ و خاشاکەوە مەترسیی کۆبوونەوەی ئاویان لەسەرە.
 
ئەندازیار دلۆڤان عەبدولحەمید، لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تیمەکانمان بە شەو و رۆژ لە خزمەتی هاونیشتمانیاندان. سەرقاڵی پاککردنەوەی تونێلەکانین [مەبەستی یەکتربڕ و ژێر پردەکانە] و خۆڵ و خاشاکێکی زۆر لەنێو ئەو تونێلانە دەردەهێنین. زیاتر شەوان کار دەکەین بۆ ئەوەی نەبینە رێگر لەبەردەم هاتووچۆی هاونیشتمانییان و قەرەباڵخی لەسەر شەقامەکان دروست نەبێت".
 
ئەندازیار دلۆڤان عەبدولحەمید، داوای لە هاونیشتمانییان کرد یارمەتیدەر بن و گوتی، "داوایەکی بچووکم لە هاونیشتمانییان هەیە کە یارمەتیدەرمان بن و خۆڵ و خاشاک فڕێنەدەنە سەر شەقامەکان. ئەمە بچووکترین داواکاریی ئێمەیە، چونکە ئەو خۆڵ و خاشاکەی لە کۆی 14 تونێل لە 10 تونێلمان کۆکردووەتەوە، نزیکەی 700 تۆنە؛ ئەمەش هەمووی بە ماندووبوون و شەونخوونیی تیمەکانی ئاوەڕۆی هەولێر ئەنجامدراوە".
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم کارە ساڵانە پێش وەرزی بارانبارین ئەنجام دەدەین، بۆ پاراستنی  پەمپەکانمان بۆ ئەوەی ئەو خۆڵ و خاشاکە نەبێتە هۆی لەکارکەوتنیان. ئەگەر ئەو خۆڵە لەنێو کۆگەکاندا بمێنێتەوە، نیوەی تواناکانی پەمپەکان کەمدەکاتەوە. بۆیە پێویستە ساڵانە ئەو کارە بکرێت".