زۆربەی حیزبە کریستیانەکان بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن و بەشێکی تورکمانەکانیش خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان یەک لیستی تورکمانی لە دوو پارێزگا بەشدارە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، بە گوتەی بەرپرسی بەرەی تورکمانی پێنج لایەنی دیکەی ئەو پێکهاتەیە بۆ ئەو هەڵبژاردنە پاڵپشتییان دەکەن، بەڵام هەندێک لایەنى دیکە بڕیارە لەچەند رۆژى داهاتوودا هەڵوێستى خۆیان لەبارەى دەنگدان رابگەیێنن.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سنووری هەرێمی کوردستان، بەرەی تورکمانی دوو لیستی هەیە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی.
هەندێک لە بەربژێرانی تورکمان سەربەخۆن و سەر بە بەرەی تورکمانی نین. بەرەی تورکمانی دەڵێ: پێنج لایەنی تورکمانی بەڵێنیان داوە کە پاڵپشتمان بن کە خۆیان بەشدارییان لە هەڵبژاردن نەکردووە".
11 لایەنی تورکمانی لە هەرێمی کوردستانن. تەنیا بەرەی تورکمانی بەشدارە لە هەڵبژاردن، 9 بەربژێری هەیە، پێنجیان لە هەولێر و چواریان لە سلێمانین.
هەندێک لە حیزبە تورکمانەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵوێستیان کۆدەبنەوە
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2024، بەرەی تورکمانی لیستی هەبوو، 1521 دەنگی بەدەستهێنا بەبێ ئەوەی کورسی پەرلەمان بباتەوە، لەکاتێکدا دوو کورسی کۆتای تورکمان لە هەولێر و سلێمانی هەن.
کەنعان شاکر ئاغالی، سەرۆکی بزووتنەوەی تورکمانی بێلایەن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا هەندێک لە لایەنە تورکمانییەکان کۆببنەوە و هەڵوێستی خۆمان لەبارەی هەڵبژاردن و دەنگدان یەکلا بکەینەوە."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 دەکرێت. هەر پارێزگایەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان بازنەیەکی هەڵبژاردنە. کریستیان، ئیزیدی، سابیئەی مەندائی، کوردانی فەیلی، شەبەک کورسی کۆتایان بۆ ئەو هەڵبژاردنە هەیە.
لە پێنج حیزبی کریستیان چواریان بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە
حیزبەکانی کلدان، سریان ئاشوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش کە پێنج حیزبن، چواریان بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنەیان کردووە و تەنیا حیزبی ئەنجوومەنی وەتەنیی کلدانی بەشدارە.
بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێنج حیزبی ئاشووری لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن. ئەوانیش: یەکێتیی بەیت نەهرەینی نیشتمانی، بزووتنەوەی دیموکراتیی ئاشووری، پارتی یەکێتیی دیموکراتی کلدانی، پارتی نیشتمانیی ئاشووری و ئەنجوومەنی نەتەوەی کلدانی.
هەموو بەربژێرە کریستیانەکان سەربەخۆن و هیچ لیستێکیان نییە. رۆمیۆ هەکاری، سەرۆکی حیزبی بێت نەهرێن بە رووداوی گوت، بە دەنگدەرانیان نەگوتووە دەنگ بە کێ بدەن و ئازادیان کردوون. "تاوەکو یاسای هەڵبژاردن هەموار نەکرێت بەشداری هیچ هەڵبژاردنێک ناکەین."