ئاسایشی هەولێر: ئەو کەسەی هاوڕێکەی خۆی کوشت دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، ئەو کەسەی رۆژی 20-11-2021 لە گەڕەکی سێتاقانی شاری هەولێر، هاوڕێیەکی خۆی کوشت، دەستگیرکراوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 21-11-2021 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوای بەدواداچوون لەلایەن تیمەکانی بەرێوەبەرایەتییان، دوای کاژێرێک توانرا "تاوانبار" شوان سەلمان عەبدولڕەحیم، لە دایکبووی ساڵی 1985 لە سنووری بنکەی ئاسایشی کەورگۆسک دەستگیر بکرێت و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی خۆی.
 
رۆژی شەممە 20-11-2021 هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، دوای ئەوەی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادارکرانەوە کە گەڕەکی سێتاقان شەڕێک دروستبووە، تیمەکانیان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوت کە دوو هاوڕێ بووەتە شەڕیان و لە ئەنجامدا یەکێکیان بە ناوی (ش. ج. ص) چەقۆی بەرکەوتووە و گیانی لەدەست داوە.