سبەی ئاوی پڕۆژەکانی ئیفراز دەگاتەوە ماڵەکانی هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینی دوو رۆژی رابردووەوە پڕۆژەکانی ئیفراز 1، 2 و 3 لە هەولێر کە ئاوی خاوێنی نیوەی هەولێر دابین دەکەن لە کار وەستێنرابوون. بەڕێوەبەری ئیفراز سێ دەڵێت، بۆ سبەی ئاو دەگاتەوە ماڵەکان.
لە دوو رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە هەندێک شوێن لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی لێکەوتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 21-11-2023، ئەندازیار هیوا عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری پڕۆژی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی بارانەوە ئاوی زێی گەورە بە تەواوی لێڵ ببوو، بۆیە بە ناچاری هەر سێ پڕۆژەی ئیفراز لە کاژێر 06:00ـی دوێنێ ئێوارەوە کارکردنیان راگیرا.
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنووری هەولێر دابین دەکەن، تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە؛ بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ئامێرەکان کارپێدەکەن و دوای ئاساییبوونەوەی لێڵیی ئاوەکە بۆ سبەی ئاو دەگاتەوە ماڵەکان.
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت. بەگوتەی بەڕێوەبەری ئیفراز سێ، 50%ـی دانیشتووانی هەولێر پشت بەئاوی بیرەکان و ئاوی ژێر زەوی دەبەستن.
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە؛ ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە؛ ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.