نزیکەی 5 سانتیمەتر بەفر لە حاجی ئۆمەران باریوە و بەرزاییەکانی سپی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەفربارین بۆ هاونیشتمانییانی حاجی ئۆمەران سوپرایز نییە، بەو پێیەی ساڵانە شارۆچکەکە بەفری زۆر و زستانی سەخت بەخۆیەوە دەبینێت. ئێستا لە پاڵ گەڵا زەردەکانی پاییز، بەفر باڵی کێشاوە بەسەر بەرزاییەکان و سەربانی خانووەکاندا.
ئیسماعیل رەسول، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی حاجی ئۆمەرانە و دەڵێت، "لە ساڵی نەوەدەکان کە هاتینەوە ئێرە خەڵکی زۆر بەهۆی بەفرەوە رەقبوونەوە لە سەرما، هێندەی بەفر ببارێت باشە، نیشانەی زستان بەفربارینە."
رێژەی ئەو بەفرەی باریوە 3 بۆ 5 سانتیم دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەفرەکە نەبووەتە رێگر و بەربەستی هاتووچۆ لەبەردەم شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی لەو ناوچەیەوە هاتووچۆ دەکەن.
لە حاجی ئۆمەران و گوندە سنوورییەکانی باڵەکایەتی زیاتر لە چوار مانگ زستان و ساردی درێژە دەکێشێت، بەڵام هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە نەوتیان پێ دەدرێت.
کارزان قەهرەمان، هاونیشتیمانییەکە لە ناوچەی باڵەکایەتی و دەڵێت، "لەمانگی 11 تاکو مانگی 4 لە حاجی ئۆمەران زستانە، ئەو نەوتەی کە دابەش دەکرێت بەشی خەڵک ناکات ، هەرخێزانێک لێرە پێویستی بە 5 بۆ 6 بەرمیلی نەوت دەبێت."
بۆ ئاژەڵدار و کاسبکاران بەفربارین زەحمەتی زیاتر لەکارەکانیان دروست دەکات لەگەڵ ئەوەشدا بە بارینی بەفر دڵ خۆشن.
میرخاس مەجید، ئاژەڵدارە و لەبارەی بەفربارین لە ناوچەکەیان گوتی، "بەفربارین بەخششێکە بۆ ئێمە، هەرچەندە بەفر زەحمەتی بۆ کارەکانمان پەیدا دەکات بەتایبەت لە دابین کردنی ئالیک بۆ مەڕ و ماڵاتمان، بەڵام ئەگەر بەفر نەبارێت ژیان نابێت ئاو نابێت لەوەڕ نابێت."
ساڵانی رابردوو ئاستی بارینی بەفر لە حاجی ئۆمەران زۆرجار گەیشتووەتە یەک مەتر و نیو هێندەی بەفری باریویش زیادبێت ئاوی رووبار و سەرچاوە ئاوییەکانی سنوورەکە زیاتر دەبن و باشتر دەبوژێنەوە.