سێنتکۆم بۆ رووداو: لە عێراق هێرشکرایە سەرمان و وەڵاممان دایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت، هێرشکراوەتە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد و لە ئەنجامدا 8 سەرباز و کارمەندیی ئەمریکی برینداربوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە وەڵامی ئەو هێرشەدا سوپای ئەمریکا هێرشیکردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی "میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن ئێران"ـەوە و ژمارەیەک چەکداری "ئەو میلیشیایانە." 
 
رۆژی سێشەممە، 21-11-2023 فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا- سێنتکۆم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو "میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن ئێران"ـەوە بە مووشەکی بالیستی نزیک مەودا هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری خوارووی عێراق و لە ئەنجامدا 8 کەس برینداربوون و زیانێکی کەمیش بە بنکەکە کەوت.
 
وەک سێنتکۆم دەڵێت، دوای ئەو هێرشە، فڕۆکەیەکی جەنگی لە جۆری ئەی سی 130 هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی "میلیشیا پاڵپشتیکراوەکان لە لایەن ئێران" و "ژمارەیەک میلیشیا"ـوە کە لە هێرشەکەدا بەشداربوون. 
 
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هێرشەی ئەنجامیان داوە لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردن بووە و لە ئەنجامیشدا ژمارەیەک ئەندامی "دووژمن بوونەتە قوربانی."