%70ـی گوندەکانی قەزای باتیفا هێڵی موبایل و ئینتەرنێتیان نییە
رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی گوندەکانی قەزای باتیفا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەدەست نەبوونی هێڵی موبایل و ئینتەرنێتەوە دەناڵێنن. هاووڵاتییانی ئەو گوندانە داوا دەکەن تاوەری پەیوەندییان بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لەو خزمەتگوزارییانە. بەشێکی خەڵکی ناچارن بۆ ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی چەند کیلۆمەترێک ببڕن تاوەکو لە شوێنێکی بەرزەوە تەلەفۆنەکەیان بکەن.
شەفیق عومەر، دانیشتووی گوندی خیزاڤای قەزای باتیفایە. هەر جارێک بییەوێت پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامبدات، دەبێت بە پلیکانە سەرکەوێتە سەربانی خانووەکەی، چونکە هێڵی پەیوەندی لە گوندەکەیان بەردەست نییە. بە شەو یان رۆژ بێت، کاتێک کارێکی گرنگی هەبێت، دەبێت بچێتە سەر شوێنێکی بەرز تاوەکو بتوانێت پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بکات. ئەوەش بێزاریکردووە.
شەفیق عومەر، دانیشتووی گوندی خیزاڤا دەڵێت، "تەماشاکە، ماڵەکەم لە گوندەکەدا لە هەمووان بەرزترە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەچمە سەر بانی ماڵەوە تاوەکو تەلەفۆنێک بکەم. هێڵی پەیوەندیمان زۆر ناخۆشە. بەهیچ شێوەیەک ناتوانین لەژوورەوە تەلەفۆن بکەین."
زیاتر لە 70٪ـی گوندەکانی سنووری باتیفا نە هێڵی ئینتەرنێتیان هەیە، نە هێڵی پەیوەندیی تەلەفۆنیشیان هەیە. لە زۆربەی گوندەکان، ئەم کێشەیە هەیە. خەڵکی موبایلی زیرەکیان هەیە، بەڵام وەکو پێویست سوودی لێنابینن. نەبوونی هێڵی ئینتەرنێتیش، کاریگەریی لەسەر گەنج و قوتابیان کردووە و وەکو گەنجانی دیکە دەستیان بە تەکنەلۆژیای سەردەم کە لەرێگەی ئینتەرنێتەوە کاری پێدەکرێت، ناگات.
عومران محەممەد، گەنجێکی گوندەکەیە و دەڵێت، "من لە حکومەت دامەزرام و بەهۆی نەبوونی هێڵی پەیوەندییەوە، لەدەستم چوو. تەلەفۆنمان بۆ نایەت. هەر فەرمانگەیەک کە بۆی دەچووم، لێیاندەپرسیم 'بۆچی هێڵی پەیوەندیکردنت نییە؟' دەیانگوت، هەرچەند تەلەفۆنت بۆ دەکەین [بۆ ئەوەی بەدەم دامەزراندنەکەتەوە بێیت] ناتوانین پەیوەندیت پێوەبکەین."
هەر گوندێک لەلای خۆیەوە هەوڵدەدات ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، لەدوای چەندین هەوڵی موختاری گوندی خیزاڤا، بڕیاری دانانی هێڵی پەیوەندی بۆ گوندەکەیان دراوە، بەڵام موختار بڕیارەکەی رەتکردووەتەوە، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، ئەوان داوا دەکەن کێشەکە نەک تەنیا لە گوندەکەیان، بەڵکو لە تەواوی ناوچەکە چارەسەر بکرێت.
تەحسین گولی، موختاری گوندی خیزاڤا دەڵێت، "بەڵێنمان پێدراوە، لە ئێستاوە تاوەکو مانگی نیوەی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو، سەرژمێرییەک بۆ ناوچەکە تاوەکو دەڤەری بەروارییەکان دەکرێت. بەو هیوایەی تاوەکو مانگی یەک تاوەرەکانی پەیوەندی دابنرێن ئیشەڵڵا."
نزیکەی 70 گوند لە سنووری قەزای باتیفا هەن. بەشێکیان ناچارن چەند کیلۆمەترێک ببڕن تاوەکو بتوانن پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامبدەن.