جارێکی دیکە ئەپلیکەیشنی نوێکردنەوەی فۆرمی خۆراک راگیرا؛ 'ئەمجارە بێبەرامبەر نابێت'

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی ماوەی 10 رۆژ فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک کارا کرایەوە بۆ ئەوانەی بەشەخۆراکیان بڕدرابوو، کاتەکەی کۆتایی هات و راگیرایەوە. بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک دەڵێ: "جارێکی دیکە بکرێتەوە بێبەرامبەر نابێت".
 
10-11-2025 وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، ئەپلیکەیشنی فۆڕمی خۆراک بۆ ماوەی 10 رۆژ کارا دەکەنەوە بۆ ئەو خێزانانەی لە قۆناخی سەرەتادا ناویان تۆمار نەکردووە و بەشەخۆراکی مانگانەیان بڕدراوە.
 
ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو فۆرمی ئەلیکترۆنی کاتەکەی کۆتایی هات و راگیرا".
 
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سنووری پارێزگای هەولێریش ئەپلیکەیشنی ئەلیکترۆنی خۆراک راگیراوە.
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، "87%ی هاونیشتمانییان لە قۆناخی یەکەمدا خۆیان لە پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراک تۆمارکردووە، بەڵام بەهۆی تۆمارنەکردنەوە نزیکەی 699 هەزار و 400 کەس ماوەی دوو مانگە بەشە خۆراکی مانگانەیان بڕدراوە".
 
تاوەکو ئەمڕۆ دیار نییە لە 10 رۆژی رابردوودا چەند کەس لە هەرێمی کوردستانەوە توانیویانە فۆڕم نوێ بکەنەوە و خۆراکیان بۆ بگەڕێتەوە.
 
لە 05-03-2023ـەوە گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک و زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ فۆڕمی خۆراک لە تەواوی هەرێمی کوردستان راگیراوە. بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە سلێمانی گوتی: "لە رۆژانی داهاتوودا تۆمارکردنی ناوی منداڵ و راستکردنەوەی هەڵەکان دەکرێتەوە، بەڵام بێبەرامبەر نابێت".
 
لەبارەی گواستنەوەی فۆڕمی خۆراکەوە ئاراس محەممەد گوتی: "لەو قۆناخەی بڕیارە بکرێتەوە گواستنەوەی تێدا نابێت".
 
یەکەم جار 2ـی حوزەیرانی 2025، پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و 02ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ داخرا.
 
پێش گۆڕینی فۆڕمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت.