بۆری ئاوی خاوێنی گەڕەکێکی هەولێر دەشکێت و داوای چاککردنەوەی دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە گەڕەکی راستی لە شاری هەولێر، ڤیدیۆی شکانی بۆری ئاوی خاوێنی گەڕەکەکەیانی بۆ رووداو ناردووە و دەڵێت، بۆ چاککردنەوەی وەڵامی نەدراوەتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە چاکی دەکەینەوە".
ڤیدیۆکە شەوی رابردوو تۆمارکراوە و هاونیشتمانییەکە بۆ رووداوی ناردووە و دەڵێت: "پشت نەخۆشخانەی سەنتەری دڵە لە هەولێر، لە ئێوارەوە بۆرییەکە شکاوە و ئاوەکە بە فیڕۆ دەچێ، شارەوانی گوتی پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و پەیوەندیم بە بەرپرسێکی ئاویشەوە کرد، وەڵامی نەدامەوە".
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە دڵنیاییەوە بەدواداچوون دەکەین و لیژنەی تایبەتمەند بۆ چاککردنەوەی بۆرییەکە رادەسپێرین".
دوای چەندین ساڵ لە کێشەی کەمئاوی لە شاری هەولێر، 28ـی مانگی رابردوو بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی کردنەوەی دوو بەشی پڕۆژەی ئاوی فریاوگوزاریی هەولێر کێشەی ئاو لە شارەکە کۆتایی هاتووە.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانای هەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات، دەکاتە 60%ی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40%ـەکەی دیکەش لە رێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.
ئێستا جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت و بڕیارە دوای تەواوبوونی تەواوی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، بیرەکان دابخرێن.