هۆگر چەتۆ: بەربژێرانی رەیان کلدانی تانەیان دژی بەربژێرانی سەرکەوتووی کۆتا لە هەولێر و کەرکووک داوە

رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، پارتی و یەکێتی لە کۆمیسۆن یەکدیان بەر تانە داوە، بەربژێرانی رەیان کلدانیش تانەیان دژی دوو لە بەربژێرانی دەرچووی کۆتای مەسیحی دەرچوو لە هەولێر و کەرکووک تۆمار کردووە.
 
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان لەبارەی ئەو تانانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردن دراون میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی کرد و رایگەیاند، زیاتر لە تانەیەک لە کورسی کۆتاکان دراوە، بەشێوەیەک لەسەر کۆتایی مەسیحی هەولێر هەیبە جەرجیس تانەی لە دژی کلدۆ رەمزی پێشکێش کردووە، لەسەر کۆتایی مەسیحی کەرکووکیش درەید جەمیل تانەی لە دژی عیماد یوخەنا پێشکێش کردووە، کە هەردوو تانەدەرەکە سەر بە رەیان کلدانین.
 
لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق، 9 کورسی بۆ کۆتای پێکهاتەکانە؛ 2 نوێنەری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستانن، 7 نوێنەرەکەی دیکەش لە کەرکووک و پارێزگاکانی عێراقن.
 
لە کورسیی کۆتاکان زۆرترینیان بۆ کۆتای کریستیانە، کە 5 کورسییە، ئەوانی دیکەش وەکو کوردانی شەبەک، ئێزدی و فەیلی و سابیئەی مەندائی، هەر یەکێکیان کورسییەکیان لە پەرلەمان هەیە.
3 بەربژێری کۆتایی مەسیحی بە پشتیوانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرچوون و 2 بەربژێری دیکەشیان سەر بە بزووتنەوەی بابیلۆنن، کە رەیان کلدانی سەرۆکایەتی دەکات. 
 
رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان گوتی، "ئامانجی تانەکان گۆڕانکارییە لە کورسییەکان، چونکە لە هەولێر و دهۆک ئەو دوو بەربژێرەی تانەیان لە ئەنجامەکە داوە، دووەمی کۆتان، هەر سێ پەرلەمانتارێکی کۆتا لە حکومەتدا وەزیرێکیان پێدەدرێت [ئەگەر گۆڕانکاری لە کورسییەکان بکرێت لە وەزیرەکەش دەکرێت]".   
 
سەبارەت بە کۆتای کوردی فەیلی لە واست هۆگر چەتۆ روونیکردەوە، چەند تانەیەک هەن لە یەکێک لە بەربژێرەکان دراوە، کە دەنگی دووەمی بەدەستهێناوە لەناو بەربژێرانی کۆتای پارێزگاکەدا. 
 
سەبارەت بەو دوو تانەیەی لە دژی بەربژێرانی سەرکەوتوو لە هەولێر و دهۆک پێشكێشکراون، هۆگر چەتۆ گوتی، "کۆمیسیۆن لە رووی شێوازەوە رەتیکردوونەتەوە، چونکە لە ماوەی یاساییدا پێشکێش نەکراون، بەڵام لە رووی ناوەڕۆکەوە رەتنەکراونەتەوە".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەدوای ئەو رەتکردنەوەیەی کۆمیسیۆن ئەو بەربژێرانە دەتوانن لە دادگە تانە لە بڕیاری کۆمیسیۆن بدەن، ئەگەر بەڵگەی پێویست پێشکێش بکەن دادگەی تایبەتمەند کە لە سێ دادوەر پێکهاتوون دەتوانن بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن.
 
کۆتای ئافرەت بەر تانە دراوە
 
20ی تشرینی دووەمی 2025، دوا وادە بوو بۆ پێشکێشکردنی تانە دژی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 17ی تشرینی دووەم راگەیێنرا. کۆمیسیۆن رایگەیاندووە، "ژمارەی تانەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 800 تانە و نووسینگەکانى کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان بەردەوامن لە ناردنى ئەو تانانەی پێیان گەیشتووە."
 
بە گوتەی هۆگر چەتۆ زۆرینەی تانەکان دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە، لەنێویاندا رێکارەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەژمارکردنی دەنگەکان بە تایبەت بۆ کۆتای ئافرەت "چونکە سیستمێکیان بەکارهێناوە زێدەڕۆیی بنەما یاسایی و دەستورییەکانی کردووە."
 
لیستی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات لە بازنەی بەغدا 15 کورسی بەدەستهێناوە، 5 بەربژێری دەرچووی نێر گۆڕاون بە 5 بەربژێری مێ. وەک هۆگر چەتۆ گوتی،" بەرکەوتەکە 4 بەربژێرە، کە دەکاتە 25%، بەڵام ئێستا زیاتر لە 30% بەربژێرانی دەرچووی هاوپەیمانێتیەکە گۆڕاون بە ئافرەت". 
 
یەکێک لە بەربژێرەکان سارا عەلاوی, کچی سیاسەتڤانی عێراقی ئەیاد عەلاوییە کە بە گوتەی رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان زیاتر لە تانەیەک لەو گۆڕانکارییە دراوە. 
 
رۆژی 17ـی تشرینی دووەمی 2025، بۆ یەکەمجار دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران شەش بەربژێری دوورخستەوە، یەکێکیان دەرچووە و زیاتر لە 15 هەزار دەنگی بەدەستهێنابوو.
 
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان باسی لەوەکرد، بەشێکی تانەکان تایبەتە بەو بڕیارانە، کە بۆ یەکەمجارە کۆمیسیۆن بەو شێوەیە مامەڵە دەکات. 
 
یونس قاسم شەغاتی، بەربژێری حەسمی نیشتمانی لە بەغدا، کە لە هەڵبژاردندا 15,363 دەنگی بەدەستهێنابوو و دەرچووە، بە گوتەی ئەنجوومەنەکە، هۆکارەکەی "پێشکێشکردنی بڕوانامەی ساختە" بووە. هۆگر چەتۆ پێشبینی کرد دادگە بڕیاری گەڕانەوە ئەو بەربژێرە بدات.
 
"پارتی و یەکێتی تانە لە یەکتر دەدەن".
 
ژمارەی تانەکانی دژ بە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن گەیشتوونەتە زیاتر لە 800 تانە، 103 سکاڵای سەوز و زەرد پێشکێش کراون و هەندێکیان لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت.
 
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان گوتی، "زۆرینەی ئەو 103 تانەیە هی پارتی و یەکێتین کە دژی یەکدی تۆمارییان کردووە کە بەشێکیان رەتکراونەتەوە".
 
رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، کۆمیسیۆن وەرگرتنی تانەی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە تەواو کردووە و سەرقاڵی یەکلایی کردنەوەیانە.