لافاو زیانی بە 26 هێکتار زەویی کشتوکاڵیی ئیلام گەیاند
رووداو دیجیتاڵ
لافاو زیانی بەر نزیکەی 26 هێکتار زەویی کشتوکاڵیی شاری مورموریی پارێزگای ئیلام کەوت. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەکە دەڵێت، زەوییەکان مەرەزەن و تایبەتن بە چاندنی برنج.
ئەمڕۆ هەینی 21-11-2025 محەممەد بەیگی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شاری مورموریی سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بارانبارینی ئەم دواییانە بەلێزمە بوو و زیانی زۆری بە مەرەزە (کێڵگەی برنج) و زەوییە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە.
بەگوتەی محەممەد بەیگی، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و تەرزە، لافاو دروست بوو و زیان بەر نزیکەی 26 هێکتار مەرەزەی سنووری شارەکە کەوتووە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مورموری دەڵێت، تیمەکانیان سەرقاڵی خەمڵاندنی قەبارەی زیانەکان و رێژەی تێکچوونی بەرهەمی برنجی ناوچەکەن؛ ''بارانبارین و تەرزەکە بە شێوەیەک بوو کە گوڵی برنجەکان هەڵوەریون. زۆربەی جووتیاران دوای چەندین مانگ ماندووبون، هیچ بەرهەمێکیان بۆ نەماوەتەوە.''
بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی 15 و 16ـی تشرینی دووەم ناوچەکەی گرتەوە، لافاو چەند ناوچەیەکی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.
جیا لە مورموری، لە شاری ئابدانانی پارێزگاکەش لافاو دروستبوو و ئاو چووە نێو زیاتر لە 40 خانوو و زیانی لێکەوتەوە.