حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی سەری ساڵی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی سەری ساڵی نوێی دیاریکرد و رایگەیاند، لە 25ـی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات و 2ـی کانوونی دووەمی 2023 دەوام دەستپێدەکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە 21-12-2022، لە راگەیێندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "رۆژی یەکشەممە 25-12-2022، تاوەکو 1-1-2023 لە هەرێمی کوردستان لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشوو دەبێت و 2-1-2023 دەوام دەستپێدەکاتەوە."
رۆژی چوارشەممە 14-12-2022، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ پێشوازی لە گەشتیاران کە بۆ سەری ساڵ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، "پێشبینی هاتنی گەشتیارێکی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان دەکەین و هەر بەڕێوەبەرایەتییەک لە سنوورەکەی خۆی دەستی بە ئامادەکاریی کردووە."
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتیشی: "وەکو حکومەت هیچ ئاهەنگێکی فەرمیمان نابێت، بەڵام رێستۆرانت، هۆڵ و شوێنە گەشتیارییەکانی کەرتی تایبەت هەموویان شەوی سەری ساڵ ئاهەنگیان دەبێت؛ ئێمە کاردەکەین بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکان شەوێکی ئارام بۆ گەشتیارانی نێوخۆ و دەرەوە و هاونیشتمانییان دەستەبەر بکەین."