زانیاری بۆ ئەو کەسانەی تاوەکو ئەمڕۆ ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی دەرنەچووە
رووداو دیجیتاڵ
ساڵێک و 8 مانگە بڕیاری دابەشکردنی زەوی بە فەرمانبەران و خانەنشینی هەرێمی کوردستان دراوە، بەڵام ژمارەیەک کەس ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی دەرنەچووە. بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی دەڵێ، 480 هەزار کەس مامەڵەیان تەواو کراوە و ئەوانەی ماون ناویان بۆمان نێردراوە.
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ژمارەیەک کەس مامەڵەیان دواکەوتبوو؛ بەشێکیان لە خانەنشینانن، بەشێکیش لە وەزارەتی ناوخۆ و هەندێک لە فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی دیکەش مابوون و ئێستا ناوەکانیان بۆمان نێردراوە بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکەین".
بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی گوتی: "بە ئەگەری زۆرەوە لەم هەفتەیەدا کارکردن لە ناوی بەشێکی ئەو کەسانە تەواو دەبێ کە ماون. ئەوانی دیکەش ئێستا کاریان تێدا دەکەین و کە تەواو بوو، هەموویان دەنێرینە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسندکردن".
ئەو کەسانەی لە ئەنجوومەنی وەزیران ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی پەسەند دەکرێ، ناویان دەنێردرێتەوە وەزارەتی شارەوانی. سەربەست مەلوود گوتی: "لەگەڵ گەڕانەوەی ناوەکان بۆ وەزارەتمان، ئێمەش دەیاننێرین بۆ شارەوانییەکان بۆ وەرگرتنی زەوی".
بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوە کرد: "تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 480 هەزار کەس رێکارەکانی وەرگرتنی زەوییان لە وەزارەتی شارەوانی تەواو کراوە و نێردراوە بۆ شارەوانییەکان، ئەوانەشی ماون کەمترن لە سێ هەزار کەس کە کاریان تەواو نەبووە".
؟؟
ئەو فۆرمانەی وردبینییان تەواو کراوە، رەوانەی شارەوانیی قەزا و ناحیەکان کراونەتەوە و دەبێت هەر شارەوانییەک لە سنوورەکەی خۆیدا زەوی تەرخان بکات و دابەشی بکات.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە شاری هەولێر و دەوروبەری، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 60 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە، لە شارەوانی سلێمانی 20 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە، لە دهۆک 2 هەزار و 489 پارچە زەوی و لە هەڵەبجە هیچ پارچە زەوییەک دابەش نەکراوە.
سەلام بیلال، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە سەرقاڵی دیزاین و نەخشەسازین؛ بەشێکی خەڵکیش رێگرن لە دابەشکردنی زەوی".
بەگوتەی بەڕێوەبەری شارەوانی هەڵەبجە: "خەڵک دەڵێن، رێگە نادەین و نامانەوێ زەوییە کشتوکاڵییەکانمان بکرێنە نیشتەجێبوون و دابەش بکرێن".
تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆی تەرخاننەکردنی زەوی نیشتەجێبوون یان گۆڕینی رەگەزی زەوی لە کشتوکاڵی بۆ نیشتەجێبوون، لە بەشێکی قەزا و ناحیەکانی هەرێمی کوردستان زەوی دابەش نەکراوە.
27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بە گوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.