قۆناخی یەکەمی هەژمارکردنی ''بەشە ئاوی تاک'' لە هەولێر و کەرکووک تەواو بوو
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی دیاریکردنی بڕی بەکاربردنی ئاوی بۆ هەر تاکێک لە چوار پارێزگای عێراق و باشووری کوردستان تەواو کرد کە دووانیان هەولێر و کەرکووکن.
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 21-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، قۆناخی یەکەمی کارەکانی لیژنەی ئەزموونیی تایبەت بە هەژمارکردنی بەشە ئاوی هەر تاکێک لە پارێزگاکانی هەولێر، کەرکووک، زیقار و بەغدا تەواو بوو.
بە گوتەی نەبیل سەفار، پڕۆژەکە بە سەرۆکایەتیی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوەوە بووە و بە هاوکاریی رێکخراوی یونسێف و بەشداریی وەزارەتەکانی ژینگە، پلاندانان و تەندروستی جێبەجێ کراوە.
سەبارەت بە ئامانجی پڕۆژەکە، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە بۆ رێکخستنی بەکاربردنی ئاوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، خەمڵاندنی پێداویستییەکانی داهاتوو و پاراستنی ئاوە لە بەفیڕۆدان، بەتایبەتی کە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی رووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمئاوی بووەتەوە.
نەبیل سەفار رایگەیاند، ئەنجامی خەمڵاندن و راسپاردەکان ئاراستەی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێ بۆ ئەوەی کاری پێویستی لەبارەوە بکرێت.