نوێنەری قامشلۆ لە دیمەشق: حکومەت ژمارەی ئەو شەڕڤانانەی دیاری نەکردووە دەچنە ریزەکانی سوپاوە
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دیمەشق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی سووریا ژمارەی ئەو شەڕڤانانەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی دیاری نەکردووە کە تێکەڵ بە سوپای سووریا دەبن. گوتیشی، ئەو هەواڵانەی لەوبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستییەوە.
لە بەشێکی میدیای عەرەبیدا بڵاوکرابووەوە گوایە حکومەتی سووریا پێشنیازێکی خستووەتە بەردەم هێزەکانی هەسەدە. بەگوێرەی ئەو هەواڵانە، حکومەت رازی بووە 50 هەزار شەڕڤانی هەسەدە لە چوارچێوەی سێ فیرقە و لیوایەکی تایبەتی ژنان جێگەیان بکرێتەوە، بەو مەرجەی هەسەدە هەندێک فەرماندەی خۆی دووربخاتەوە و رێگە بە سوپای سووریا بدات بچێتە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دیمەشق، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە و بە رووداوی گوت، "شتێکی وا پێشنیاز نەکراوە، بەڵام لەسەر هەر سێ فیرقەکە و لیوا تایبەتەکەی ژنان رێککەوتن کراوە".
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاشکراشی کرد، ئەو هێزانەی رێککەوتنیان لەسەر کراوە، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەمێننەوە.
هەندێک سەرچاوەی نێو بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش بە رووداویان راگەیاند، ئەو پێشنیازنامەیەی حکومەتی سووریا بۆ هەسەدەی ناردووە، ئێستا لەنێو هەسەدەدا تاوتوێ دەکرێت. بڕیاریشە بەر لە کۆتایی ئەم ساڵ، کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریادا بکرێت.