بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک خرایەوە سەر کارەکەی
رووداو دیجیتاڵ
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، بڕیاری لادانی زوهێر عەلی لە پۆستی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگاکە هەڵوەشاندەوە. ئەمەش دوای ئەوە هات دادگەی باڵای کارگێڕی تانەی لە بڕیارەکەی پێشووی پارێزگار دا.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی پارێزگاری کەرکووکی لەسەرە و رۆژی یەکشەممە، 21-12-2025، دەرچووە، تێیدا هاتووە، پاڵپشت بە بڕیاری دادگەی باڵای کارگێڕی، فەرمانی کارگێڕیی پێشوو کە لە 12-02-2025 دەرچووە، هەڵوەشێندرایەوە.
بەگوێرەی فەرمانە نوێیەکە، زوهێر عەلی حوسێن گەڕایەوە سەر پۆستەکەی وەکو بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک، کە پێشتر لەلایەن پارێزگارەوە لادرابوو و عیسام سەلمان لە شوێنەکەی دانرابوو.
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پاساوی دادگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی پارێزگار ئەوە بووە کە گۆڕانکارییەکە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا کراوە، لەکاتێکدا دەبووایە بڕیارەکە لە ئەنجوومەنەوە دەربچێت."
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو پۆستە لە داهاتوودا، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد پرسەکە جارێکی دیکە دەبرێتەوە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و لەوێ بە فەرمی یەکلایی دەکرێتەوە.