بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان: لەڕێگەی زانکۆیەکی ئیتاڵییەوە چیرۆکی ئەنفال دەبەینە ئەورووپا


رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، لە گەلەری سەنتەری پێسا لە شاری ریچیۆنێی ئیتاڵیا، پێشانگەیەکی تایبەت بە ناوی (ئەنفالکراو: دەنگ و چیرۆکەکان لەبارەی چەوساندنەوەی کورد لە عێراق) بکرێتەوە و تاوەکو 14ـی شوباتی 2026 بەردەوام بێت. 
 
پڕۆژەکە بە هاوبەشیی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیانە. بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان دەڵێت، لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنێکدا لەگەڵ زانکۆیەکی ئیتاڵیا لەمەودوا چیرۆکی ئەنفال بە خەڵکی ئیتاڵیا و ئەورووپا دەناسێنن. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-12-2025، ساڵح محەممەد سەمین، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، پڕۆژەکە بەرهەمی کاری هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان و زانکۆی بۆڵۆنیای ئیتاڵی و رێکخراوی میساکە.
 
ساڵح محەممەد سەمین گوتی: "لە مانگی ئاداری ئەم ساڵ لە ئیتاڵیا لێکتێگەیشتنێکمان واژۆ کرد کە یەکێک لە بڕگەکانی بریتی بوو لە نمایشکردن و ناساندنی کارەساتی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانی کوردستان بە خەڵکی ئیتاڵیا و وڵاتانی ئەورووپا".
 
پێشانگەکە تەنیا وێنەیی نییە، بەڵکو تێیدا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نووسراو و گێڕانەوەی زارەکی دەخرێنەڕوو کە سەردانیکەران دەبەنە نێو قووڵایی چیرۆکە کەسی و مێژووییەکانی چەوساندنەوەی کورد لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس.
 
سەبارەت بە چۆنییەتی کۆکردنەوەی ئەم چیرۆکانە، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان گوتی: "لە ماوەی رابردوودا تیمێک لە زانکۆی بۆڵۆنیا و رێکخراوی میساک هاتنە هەرێمی کوردستان و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کەسوکاری قوربانییان و رزگاربووانی ئەنفال کرد. لە پێشانگەکەدا قسەکانیان بە دەنگی خۆیان پەخش دەکرێ، بەڵام بۆ سەردانیکەران وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئیتاڵی و ژێرنووسی ئینگلیزیشی بۆ کراوە".
 
پێشانگاکە لەلایەن شارەوانی ریچیۆنێ و مۆزەخانەی لویجی گیرۆتی و پەیمانگای نێودەوڵەتیی کولتووری کوردی لە رۆما پاڵپشتی دەکرێ.
 
لەبارەی هەڵبژاردنی شاری ریچیۆنێ بۆ ئەم چالاکییە، ساڵح محەممەد گوتی: "ئەم شارە شوێنێکی گەشتیاریی گرنگە لە ئیتاڵیا و مۆزەخانەکەش رۆژانە خەڵکانێکی زۆر لە هەموو چین و توێژەکان سەردانی دەکەن، ئەمەش وادەکات پەیامی مەزڵوومیەتی کورد بگاتە زۆرترین کەس".
 
شاندی هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە لە رێوڕەسمەکە ئامادەبن. ساڵح محەممەد سەمین هۆکارەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: "بەداخەوە کێشەکە لەلایەن ئەوانەوە بوو و نەیانتوانی رێکارەکانی ڤیزەمان بۆ تەواو بکەن، بەڵام خۆشبەختانە رێکخراوی میساک کە رێکخراوێکی ئیتاڵی-کوردییە و کوردی دڵسۆزی لێیە، لەوێ نوێنەرایەتیمان دەکەن و روونکردنەوەی پێویست دەدەنە میوانەکان".
 
بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان ئاماژەی بەوەش دا کە ئەوان ئەمە بە هەنگاوی یەکەم دەزانن و لە پلاندایە لە شار و وڵاتی دیکەش ئەم جۆرە چالاکییانە فراوانتر بکەن.