سزاکەی شاسوار عەبدولواحید کۆتایی دێت؛ کەی ئازاد دەکرێ؟
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەو سزایەی دراوە، دەبێ شاسوار عەبدولواحید سەرەتای مانگی داهاتوو ئازاد بکرێ. دادوەرێکی ئاگادار باس لە رێکارەکانی ئازادکردن یان هێشتنەوەی سەرۆکی نەوەی نوێ لە زیندان دەکات.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لە 12-08-2025 لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا، لە دانیشتنی سێیەمی دادگەدا رۆژی 02ـی ئەیلوول بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دادوەرێکی باڵا لە دادگەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەرکەسێک حوکمەکەی لە شەش مانگ کەمتربێ، هیچ ئازادکردنێکی بە مەرج نایگرێتەوە و دەبێت تەواوی حوکمەکە تەواو بکات. بەگوێرەی ئەوەش، دەبێ شاسوار عەبدولواحید پێنج مانگەکەی تەواو بکات".
ئەو دادوەرە گوتی: "شاسوار عەبدولواحید راگرتنی ماوەدرێژی لە زیندان نەبووە، بۆیە لەو کاتەوە هەژمار دەکرێ کە دەستگیرکراوە کە 12ـی ئابە و بەگوێرەی ئەوەش لە 12-01-2026 ئەو حوکمەی تەواو دەبێت".
شاسوار عەبدولواحید دوای حوکمدانەکەی رەوانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی کرا بۆ بەسەربردن و تەواوکردنی حوکمی زیندانییەکەی.
بەرپرسێکی باڵای چاکسازی لە سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ فەرمانی دادوەریمان لەلایەن پۆلیسەوە بەدەستنەگەیشتووە بۆ ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحید".
ئەو بەرپرسە کە ئاگاداری دۆسیەی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێیە گوتی: "ئێمە لایەنی جێبەجێکارین. شاسوار عەبدولواحید وەک میوان وایە، بۆیە بۆ ئازادکردن یان مانەوەی پێویستە فەرمانی دادگە هەبێت و پۆلیس رێکارەکانی ئازادکردنەکە جێبەجێ بکات".
بەگوێرەی دادوەرەکەی دادگەی سلێمانی بۆ رووداو، "کەیسی دیکە لەسەر سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ جووڵێندراوە و دەکرێ بەهۆیانەوە رێگە نەدرێ شاسوار عەبدولواحید دوای تەواوبوونی حوکمەکەی ئێستای ئازاد بکرێت".
دادوەرەکەی دادگەی سلێمانی کە هاوکات بەرپرسیارێتی باڵای کارگێڕی لە دادگەکەدا هەیە گوتی: "نابێت شاسوار عەبدولواحید بەگوێرەی یاسا حوکمی دیکە بدرێ تاوەکو ئەم حوکمە تەواو دەکات، بەڵام دەکرێ ئەو دادوەرەی دۆسیەکەی لەبەردەستە بڕیاری راگرتنی شاسوار عەبدولواحید بدات تاوەکو یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکەی بەردەستی و رێگە نەدات دوای تەواوبوونی حوکمەکەی ئێستای ئازاد بکرێ".
لەبارەی ئەگەرەکانی ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحید، ئەو دادوەرە ئاماژەی بەوە کرد: "کاتێک کۆتایی بە حوکمەکەی شاسوار عەبدولواحید هات، دادوەری دۆسیەکە دەتوانێ بە کەفالەت بڕیاری ئازادکردنی بدات. لە هەموو کاتێکدا ئازادکردن یان بڕیاری هێشتنەوەی شاسوار عەبدولواحید لە زیندان دوای تەواوکردنی حوکمەکەی دەدرێ".
ئەو دۆسیەی ئێستا دژی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ جووڵێندراوە و چەند جارێک دادوەر دانیشتنی لەبارەیەوە دواخستووە، پەیوەندی بە مادەی دووی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە هەیە.
لەسەر ئەو دۆسیەیە، پێشتر بەرپرسێکی باڵای نەوەی نوێ بە رووداوی گوتبوو: "لە دۆسیەکەدا یەک سکاڵاکار هەبوو، بەبێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی و شایەت"، بۆیە دادوەر دانیشتنی دواخست.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێیە، کە لە پەرلەمانی کوردستان 15 کورسییان بەدەستهێناوە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیشدا سێ کورسییان بەدەستهێنا.