پەردە بۆ زیاتر لە 500 ماڵی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی شۆڕش دابینکرا
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریی کارگەیەکی دروستکردنی پەردە، بۆ زیاتر لە 500 ماڵی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی چەمچەماڵ، پەردە دابین دەکات. بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی دەزگا خێرخوازییەکە دەڵێ، هاوکارییان بۆ زیانلێکەوتووان بەردەوام دەبێ.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21-12-2025 دەزگای خێرخوازیی بارزانی کۆمەڵێک پێداویستی و هاوکاری گەیاندە گەڕەکی پیریادیی ناحیەی شۆڕش لە سنوری قەزای چەمچەماڵ.
رێبوار محیەدین، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی دەزگا خێرخوازییەکە بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''دوای ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو کارەساتە سرووشتییەی لە چەمچەماڵ روویدا، پێویستە خێزانەکان کەلوپەلەکانی نێوماڵیان بنیاتبنێنەوە.''
بەگوتەی رێبوار محیەدین، کارگەی (ئیستەنبووڵ پەردە) لە هەولێرەوە زیاتر لە 500 پەردەی دابین کردووە و ''هەر ماڵێک لە گەڕەکەکە پێویستی بە پەردە بێ، تیمێک دێن بۆ پێوان و تیمێکیش پەردەی [دەرگە و پەنجەرەکان] دەبەستن''.
وەک بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێ، لە هەڵمەتی هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەدا، تیمەکانیان پێنج گەڕەکی ناحیەی شۆڕشیان لە پاشماوەی لافاو پاککردووەتەوە، هەروەها خواردنی گەرمیان بۆ زیاتر لە 6 هەزار کەس دابین کردووە.
رێبوار محیەدین گوتی، نزیکەی 500 خێزانیش لە پاکێجی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوودمەند بوون کە بریتین لە سۆپا، دۆشەک، بەتانی، جلوبەرگ و نەوت.
ئەو بەرپرسەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئاساییبوونەوەی دۆخی تەواوی ناوچەکە، لە گەیاندنی هاوکاری بە زیانلێکەوتووان بەردەوام دەبن.
بەهۆی بارانبارینەوە لە 9ـی کانوونی یەکەم لە بەشێکی باشووری کوردستان بەتایبەتی لە سنووری چەمچەماڵ لافاو دروستبوو.
بەگوێرەی دوایین ئاماری ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان، بەهۆی لافاوەکەوە 5 کەس خنکان و 19 کەسیش بریندار بوون؛ هەروەها 394 هەزار و 900 سەر ئاژەڵ، ماسی و پەلەوەر لەنێوچوون و 2 هەزار و 225 ماڵ، 202 ئۆتۆمبێل، 215 دووکان و شوێنکار و 534 پڕۆژەش زیانیان بەرکەوت.