وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان: بۆ ساڵی نوێ مووچە تەنیا بە 'هەژماری من' خەرج دەکرێت

 
 رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاگادارییەکی "بەپەلە"ی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کرد و داوای کرد ئەو کەسانەی هێشتا لە "هەژماری من" تۆمار نەکراون، بە زووترین کات کارەکانیان تەواو بکەن. بەڕێوەبەری بانکی ئامار و توێژینەوە و زانیاری لە وەزارەتەکە گوتی: "نزیکەی 30 هەزار کەس ماون فۆڕم پڕبکەنەوە."
 
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە واژۆی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدانی لەسەر بوو و ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، سۆران، هەڵەبجە و راپەڕین) کرابوو، پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی.
 
لە نووسراوەکەدا هاتبوو، پێویستە سەرجەم کەسوکاری شەهیدان، زیندانییانی سیاسی و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بە زووترین کات ناوی خۆیان لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمار بکەن. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو کە لیستی ناوی ئەو مووچەخۆرانەی هاوپێچی نووسراوەکە کردووە کە تاوەکو ئێستا ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە، بۆ ئەوەی رێکاری پێویستیان بۆ بگیرێتەبەر.
 
رۆژی یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، زاهیدە قادر، بەڕێوەبەری بانکی ئامار و توێژینەوە و زانیاری لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خەڵکێکی زۆر خۆی تۆمار کردووە؛ مانگی ئەیلوول 9 هەزار و 875 کەس لە رێگەی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرت؛ بۆ مانگی 10ـیش نزیکەی 11 هەزار و 500 کەس لە رێگەی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن."
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، 84 هەزار کەسوکاری شەهیدان، زیندانییانی سیاسی و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی مووچە وەردەگرن. زاهیدە قادر گوتی، "نزیکەی 30 هەزاریان فۆڕمی هەژماری منیان پڕنەکردووەتەوە؛ بۆ مووچەی مانگی 10 دەبێت فۆڕمەکە پڕبکەنەوە، ئەوکات مووچەکانیان وەردەگرن."
 
19-11-2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، "سەرجەم ئەو خانەنشین و وارسانەی کە تاوەکو ئێستا فۆڕمی 'هەژماری من'ـیان پڕ نەکردووەتەوە، لە کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول، مووچەکانیان رادەگیرێت تاوەکو ئەو کاتەی فۆڕمی هەژماری من پڕ دەکەنەوە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی تیمی هەژماری من، تاوەکو ئێستا 900 هەزار کەس لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش 635 هەزار کارت دابەشکراون. بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول، زیاتر لە 600 هەزار کەس دەتوانن لە رێگەی 503 ئامێری ATMـەوە لە زیاتر لە 200 شوێن مووچەکانیان وەربگرن.