بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی چەمچەماڵ: خشتەی دابەشکردنی ئاو بووەتە 11 بۆ 12 رۆژ جارێک
رووداو دیجیتاڵ
لافاو و نیشتنی قوڕ و لیتە لەنێو پەمپەکانی ئاو کاریگەری لەسەر ئاوی چەمچەماڵ هەبووە. بەرپرسی راگەیاندنی ئاوی قەزاکە دەڵێ، خشتەی دابەشکردنی ئاو بووەتە 11 بۆ 12 رۆژ جارێک و هێشتا دۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە.
چیا هیدایەت، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی چەمچەماڵ بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لافاوەکەی ئەم مانگە زیانی گەورەی بە وێستگەکانی ئاو گەیاندووە، بەتایبەت لە (کانی شەیتان) کە هەموو پەمپەکانی پاڵدانی ئاو بەهۆی قوڕ و لیتەوە بەتەواوی پەککەوتن.
سەبارەت بە هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو بۆ چارەسەری کێشەکە، چیا هیدایەت گوتی: "لە کۆی 8 پەمپی وێستگەی کانی شەیتان کە ئاو بۆ شارەکە دابین دەکەن، هەموویان لەکار کەوتبوون، بەڵام لە 15ی ئەم مانگەوە توانراوە 2 پەمپیان چاک بکرێنەوە و بخرێنەوە گەڕ."
جگە لە کێشەی پەمپەکان، لێڵبوونی سەرچاوەی پڕۆژەی ئاوی دووکان-سلێمانی هۆکارێک بوو بۆ دواکەوتنی نۆرەی دابەشکردنی ئاو. بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی چەمچەماڵ گوتی: "بەهۆی لێڵبوونی ئاوی پڕۆژەی دووکان، ماوەی 5 رۆژ دابەشکردنی ئاو دواکەوت. ئێستا دۆخەکە بەرەو باشتربوون دەچێت و توانراوە خشتەی دابەشکردنی ئاو کەم بکرێتەوە بۆ 9 رۆژ جارێک."
بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە گەورەیەی لە ئاوی شارەکەدا دروستبووە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی چەمچەماڵ پەنای بۆ چەند رێگەیەکی جێگرەوە بردووە، لەوانە، دابەشكردنی ئاو بە تانکەری بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکان و بەکرێگرتنی تانکەر بۆ دابنکردنی ئاو بۆ ئەو گەڕەک و ماڵانەی لافاو زیانی پێگەیاندوون.
بەگوتەی چیا هیدایەت، لە 5 رۆژی رابردوودا 125 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ قەزای چەمچەماڵ لەرێگەی هێڵی ئاوی دووکان- سلێمانی هاتووە، لەو بڕە زۆرینەی دراوەتە ناحیەی شۆڕش بەهۆی ئەوەی لافاوەکە زۆرترین کاریگەری لەو ناحیەیە هەبووە و نزیکەی 80 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ ناحیەی شۆڕش بووە.