کەشناسیی تورکیا دەڵێت، لە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان بەفر دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان و تورکیا چەند رۆژێکە بەفر دەبارێت؛ کەشناسیی تورکیا رایگەیاند، پلەی گەرما زۆر دابەزیوە و پێشبینی دەکەن لە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان بەفر ببارێت و ماوەی هەفتەیەک بەردەوام بێت.
نزیکەی هەفتەیەکە لە تورکیا و باکووری کوردستان پلەی گەرما شەش بۆ هەشت پلە دابەزیوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی کەشناسیی تورکیا، پێشبینی دەکەن لە ئەمڕۆ دووشەممەوە لە پارێزگاکانی ئەردەخان، قەرس، دەرسیم، چەولیگ، مووش، بەدلیس، جۆلەمێرگ و شرناخ لە باکووری کوردستان بەفر ببارێت و بۆ ماوەی یەک هەفتە بەردەوام بێت.
کەشناسیی تورکیا دەڵێت، پێشبینی دەکەن لە شاری ئارتڤینی تورکیا بەفر ببارێت و لە شارە گەورەکانی وەکو ئیستەنبوول، ئەنقەرە و ئیزمیر لەم شەپۆلەدا بەفر نابارێت.
پێشبینییەکە لەکاتێکدایە، لە هەندێک شار و گوندی باکووری کوردستان و تورکیا هێندە بەفر باریوە ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێل دروستکردووە.