کەشناسی: ئەمڕۆ و سبەی نمەباران دەبارێت

رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی باران دەبارێت و پلەی گەرما دادەبەزێت. کەشناسێک دەڵێت، ئەم شەپۆلە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و لە شارەکان لانیکەم 20 ملیمەتر باران دەبارێت.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی "چەند رۆژێک" کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت و ئەمڕۆ لە کاتە جیاکاندا باران لە زۆرینەی هەرێمی کوردستان دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت. راشیگەیاندووە، "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە دەشتاییەکانی باشووری هەولێر و شاری کەرکووک ئەگەری کەمێک تاوەباران و هەورە برووسکە هەیە."
 
ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، لە شارەکان 1 بۆ 2 پلە و لە ناوچە شاخاوییەکان 2 بۆ 4 پلەی سیلیزی، پلەی گەرما دادەبەزێت. لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسی دەڵێت، نمەباران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیشدا بەفر دەبارێت، هەروەها بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما نزیکەی دوو پلە دادەبەزێت.
 
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، ئەم شەپۆلە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و جگە لە بەشێکی ناوچە دەشتاییەکانی هەولێر و گەرمیان، پێشبینی دەکرێت لە سەنتەری شارەکان لانیکەم 20 ملیمەتر باران ببارێت و لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر ببارێت.
 
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوە کرد، لە 27ـی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین و "سەرمای توند" هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.
 
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر؛ 16 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 13  پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 13 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 17 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 13 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 12 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 18 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 3 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 9 پلەی سیلیزی