وەزیرێکی بەریتانیا بۆ رووداو: داوامان لە دیمەشق کردووە مافی کورد و پێکهاتەکان بدات

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە حکومەتی بەریتانیا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو لەبارەی گرژییەکانی ئەم دواییەی سووریا، ئاشکرای دەکات وڵاتەکەی هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدات و لە سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق، پرسی مافی کوردی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سووریا تاوتوێ کردووە.
 
هامیش فالکۆنێر، وەزیری کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە حکومەتی بەریتانیا، لە وەڵامی پرسیاری زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو سەبارەت بە هەڵوێستی لەندەن لەمەڕ پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و گرووپەکانی سەر بە حکومەتی سووریا رایگەیاند: "ئێمە زۆر لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین و لەگەڵ هاوبەشانمان گفتوگۆی لەسەر دەکەین، ئامانجمان ئەوەیە تووندتیژی نەمێنێت و دۆخەکە هێور بکرێتەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا بۆ رووداو، فالکۆنێر باسی لە ناوەڕۆکی سەردانەکەی مانگی ئابی رابردووی کرد بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ، وەزیری دەرەوەی سووریا کرد.
 
لە وەڵامی ئەوەی ئایا لەو سەردانەدا باسی مافەکانی کورد کراوە، وەزیرە بەریتانییەکە گوتی: "مافی کەمینەکان زۆر گرنگە و ئێمە ئەو پرسەمان لەگەڵ وەزیری دەرەوە لە مانگی ئاب بەڕوونی باس کردووە."
 
ئەم لێدوانەی بەرپرسە باڵاکەی بەریتانیا لە کاتێکدایە دوو رۆژ ماوە بۆ ئەو وادەیەی حکومەتی سووریا بۆ هەسەدەی دانابوو لە پێشکێشکردنی پلانی تێکەڵکردنی هێزەکەی بە سوپای سووریا.
 
دەقی وەڵامی وەزیری کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە حکومەتی بەریتانیا بۆ پرسیارەکانی زنار شینۆ: 
 
رووداو: بۆچوونی بەریتانیا چییە لەبارەی ئەو دۆخەی هەیە لەنێوان گرووپەکانی سەر بە دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات، لەندەن بێدەنگ بووە بۆچی؟
 
هامیش فالکۆنێر، وەزیری کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە حکومەتی بەریتانیا: من دوێنێ لە پەرلەمان لەبارەی دۆخەکە قسەم کرد، ئێمە زۆر لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین و لەگەڵ هاوبەشانمان گفتوگۆی لەسەر دەکەین.
 
رووداو: هیچ هەوڵێك هەیە لەلایەن بەریتانیاوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە؟ 
 
هامیش فالکۆنێر، وەزیری کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە حکومەتی بەریتانیا: بەڵێ من لە پەرلەمان گوتم کە دەبێ دۆخەکە هێور بکەینەوە، زۆر لە نزیکەوە چاودێریی دەکەین ، دەمانەوێت تووندتیژی نەمێنێ.
 
رووداو: تۆ ئابی رابردوو لە دیمەشق بووی و شەیبانیت بینی، چی پێگوتن لەبارەی مافەکانی کورد و کەمینەکان لە سووریا؟ 
 
هامیش فالکۆنێر، وەزیری کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە حکومەتی بەریتانیا: مافی کەمینەکان زۆر گرنگە و ئێمە ئەو پرسەمان لەگەڵ وەزیری دەرەوە شەیبانی لە ئابی رابردوو باسکردووە.