جارێکی دیکە گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی کورد لە لیبیا دواخرا


رووداو دیجیتاڵ

بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک، پرۆسەی گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی لە لیبیا گیریانخواردووە، دواخرا؛ پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت، رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ناردنی فڕۆکەی تایبەت وەرگیراوە.
 
ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و هەندێک هۆکاری تەکنیکی، جارێکی دیکە گەڕانەوەی کاروانی یەکەمی کۆچبەران دواخرا."
 
بڕیاربوو دوێنێ چوارشەممە، یەکەم کاروانی کۆچبەران بگەنەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە بۆ ئەمڕۆ دواخرابوو؛ ئێستاش جارێکی دیکە پرۆسەکە بۆ سبەی هەینی 23-01-2026 دواخراوە، بەو مەرجەی بارودۆخی کەشوهەوا جێگیر بێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، تاوەکو ئێستا 189 کۆچبەری کورد ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە تۆمار کردووە. ئەم کۆچبەرانە زۆربەیان لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەورووپا، لە دەریای ناوەڕاست و سنوورەکانی لیبیا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر کرابوون، بڕیارە لە رێگەی دوو فڕۆکەی سەربازییەوە بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
 
سەبارەت بە رێکارەکان، د. موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لە وەزارەتی دەرەوە بەدواداچوونیان بۆ پرسەکە کردووە و پشتڕاستکراوەتەوە کە تەنیا کەشوهەوا رێگرە، ئەگەرنا "ناردنی فڕۆکە یەکلابووەتەوە و رەزامەندیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش وەرگیراوە."
 
لەلایەکی دیکەوە، سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 200 کۆچبەر لەم کاروانەدا دەگەڕێندرێنەوە و تەواوی تێچووی گەشتەکەش لەسەر ئەستۆی حکومەت دەبێت. گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە."