دڵشاد شەهاب لەبارەی رۆژئاڤا: ئەمریکییەکان پشتیوانیی درێژکردنەوەی ئاگربەست دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

دڵشاد شەهاب دەڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەسەر هێڵ بووە. هەروەها ئەمریکییەکانیش پشتیوانی ئەوەن ئاگربەست درێژبکرێتەوە، "مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەدیش ئامادەییان پێشانداوە بۆ ئەو مەبەستە."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای کردووە ئاگربەست درێژبکرێتەوە و ئەوەش لەلای هەمووان بڕیارێکی پەسندکراوە."
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی دۆخی رۆژئاوای کوردستان.
 

دەقی قسەکانی دڵشاد شەهاب:
 
رووداو: لە کۆبوونەوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەڕێز مەزڵووم عەبدی باسی چی کرا؟
 
دڵشاد شەهاب: ئێوارەتان باش، پێموایە بەر لەوەی کە باسی نێوەرۆکی کۆبوونەوەکە بکەم، ئەگەر دەرفەت هەبێ تۆزێک بگەڕێینەوە پێشتر و ئەو هەوڵانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەبوون بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان یان خۆ بە خاوەنزانینی گرفتی برایانی ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان. هەر لەو گرنگیدانەی کە جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ ئەو پرسەی هەبووە، پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەتایبەتیش لەگەڵ بەڕێز مەزڵووم عەبدی و، لەگەڵ هەموو لایەنەکانی دیکە هاریکار بوو بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە و هەروەها هەوڵ و کۆششەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوای پڕۆسەی ئازادیی سووریا، دوای ئەوەی کە رژێمی پێشووی سووریا رووخا و حوکمێکی نوێ هاتە ئاراوە لە وڵاتەکە، کاری لەپێشینەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە ئەم پرسە بە هەموو شێوەیەک پەیوەندیدارە بە هەرێمی کوردستانەوە و رەنگدانەوەی بەسەر دۆخی ناوچەکەوە بە شێوەیەکی گشتی هەیە، بۆیە سەقامگیری و چارەسەرکردنی گرفتەکانی ئەوێ (سووریا و رۆژئاوای کوردستان) رەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر ناوچەکەوە دەبێ. هەوڵی بەردەوامی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەروەها پرسی مافەکانی برایانی ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان و دابینکردنی ماف و شایستەکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا، بۆ ئەوەی کە وڵاتێکی سەقامگیر و سیستمێکی جێگیر و بێکێشەی هەبێ، [گرنگە و] بێگومان رەنگدانەوەی بەسەر دۆخی ئێمەشەوە دەبێ. 
 
لەو روانگەیەوە لە رابردوودا بەردەوام جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی ئەمریکی لە پەیوەندیدا بووە، ئەوە جگە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و هەموو کەناڵەکانی دیکەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا و دوا دیدار لەگەڵ بەڕێز تۆم باراک (نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا) کە دیدارێکی تێروتەسەل بوو و کاتێکی زۆری خایاند و زۆر بە وردەکارییەوە باس لە هەموو گرفتەکان کرا، هەروەها باس لە دیدگای هەرێمی کوردستان کرا بۆ چارەسەرەکان.
 
بەر لەوەی باسی دیدارەکەی ئەمڕۆ بکەین، دۆخێک هەیە کە ئێمە لە ئەنجامی ئەم دیدارانەدا هەستی پێدەکەین کە بەڕاستی کاریگەری بەسەر دۆخەکەوە جێدەهێڵێت، ئەویش ئەوەیە کە زۆر جاران رێککەوتنیش لەسەر هەندێک شت هەیە یان ئەوەندەی کە ئامادەکاری هەیە بۆ هێورکردنەوە، ئەوەندەش رەنگە هەبوونی هەندێک هێز کە زۆر جاران لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیەی کە پلانی بۆ دادەنرێت لێرە و لەوێ کاریگەری جێدەهێڵن و دەبێتە هۆکاری بەریەککەوتن. زۆرێکیش لەو بەریەککەوتنانەی کە لەم رۆژانەدا روویانداوە، لەوانەیە بەشێک بن لەو شتە لۆکاڵییانەی کە نەبەستراونەتەوە بە بڕیاری ناوەندییەوە، چونکە ئێمە هەست دەکەین لە نێوەندگیری و پەیوەندییەکان کە لەگەڵ دەوڵەتی سووریا و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان هەیە، بڕیاری شەڕکردن بە هیچ شێوەیەک نییە و هیچیان رێگەی سەربازی بە رێگەیەکی گونجاو نابینن.
 
ئەو دیدارەی ئەمڕۆ کە بەڕێز باراک لەگەڵ بەڕێز مەزڵووم عەبدیش لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئەو دیدارە کە وەک لە هەواڵەکەی ئێوەشدا هاتبوو، بەڕێزان مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد تێێدا ئامادە بوون. دوای ئەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەڕێز باراک دروست بوو لەسەر ئەو پێشهاتە نوێیانەی کە هەن، کە دووبارە گرێدراوی کۆبوونەوەکە بوو.
 
ئینجا ئەگەر باسی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بکەین، بێگومان ئەم کۆبوونەوەیە دوای کۆبوونەوەی ئەو بەڕێزانە لەگەڵ تۆم باراک و دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ]هاتە ئاراوە]. هەندێک شتی نوێی تێدا هەن، ئەویش ئەوەیە کە بێگومان سەرجەم ئەو رێککەوتنانەی کە لەنێوان حکومەتی دیمەشق و  برایانی ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان هەن، چی ئەوانەی کە بە رێککەوتنی گشتی لەسەری رێککەوتوون و چی ئەوەی کە ناکۆکن لەسەری، هەروەها چی ئەوەی کە پێشووتر واژۆی لەسەر کراوە،  هەموو ئەوانە کۆمەڵێک هەنگاون لە چەند بوارێکدا. ئەگەر دەرفەت هەبێ بۆتان بە خێرایی دەخەمەڕوو.
 
بەشێکیان بابەتی سەربازییە و چارەکردنی ئەو گرفتانەن. بێگومان ئەو پێکدانانەی کە دروست بوون. راگرتنیان بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیە و هەموو لایەک لەسەری کۆکن و ئەمریکا زۆر بە گەرمی پشتیوانی لە درێژکردنەوەی دەکات. داوکاریی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکەم لە بەڕێز تۆم باراک و لە رێگەی نێوەندگیرییەوە لە بەڕێز شەرع و هەروەها لەگەڵ برایانی ئێمەش ئەوەیە کە لە ژێر گوشاری ئاگربەستێکی کورت مەودا کە ماوەی دوو رۆژ و سێ رۆژ و چوار رۆژ بێ، هیچ گرفتێک چارەسەر نابێ. بۆیە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای کردووە کە ماوەی ئاگربەست درێژ بکرێتەوە و هەوڵ بدرێت هێزەکان لەو ماویەدا دوور بخرێنەوە، بۆ ئەوەی لەژێر گوشاری بەکارهێنان و هەڕەشەی چک و لێکەوتەکانی شەڕدا نە هیچ گفتوگۆیەک سەر دەگرێت و نە بڕیارێکی دروستیش دەدرێت. بێگومان تاوەکو ئێستا ئەمە بڕیارێکی پەسندکراوە لەلای هەمووان کە پێمان وایە ئەمە رێگە خۆش دەکات بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو.
 
بۆ هەنگاوەکانی داهاتووش بەرەوپێشچوون هەیە. ئەویش ئەوەیە کە ئەو شێوەیەی کە ئیدارەی ئێمە (کورد)، واتا ناوچە کوردییەکان لەو شوێنانەی کە لە سووریا هەن، چۆن ئەو تایبەتمەندییانەیان بپارێزرێن. گرفتێکی ئەوتۆ لەسەر تێگەیشتن لەسەر ئەم بابەتە نییە و ئێمە بە هەموو توانایەکمانەوە پاڵپشتی لەوە دەکەین کە پاراستنی تایبەتمەندییەکانی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەبێتە هۆی ئەوەی سووریایەکی سەقامگیر بنیاتبنرێت.
 
بێگومان کۆمەڵێک ئیدارە هەن ئێستا کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن لە رۆژئاوای کوردستان، داواکاریی ئەوان ئەوەیە کە بە شێوەیەکی گونجاو رێککەوتنیان لەسەر بکرێت و ئەم ئیدارانە بە شێوەیەک بەردەوامی بە کارەکانیان بدەن و پەیوەندیی فەرمییان لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەبێت، چونکە ناکرێ ئیدارەیەک بەبێ ئەوەی کە لەگەڵ ئیدارەکانی دەوڵەتدا [پەیوەندی هەبێ] بەڕێوەبچێت. 
 
 
پرسێکی دیکە هەیە، پرسی پاریزگاریکردنی ئەمنیی ئەو ناوچانەیە. لەوەشدا، بۆچوونیکی هاوبەش هەیە کە هیچ هیزیکی سەربازی ئەو ناوچانە بەڕیوە نابات نە هیزەکانی سوریای دیموکرات و نە هیزەکانی چەکداری سەربازیی  سەر بە دەوڵەت بەڵکو هیزی ئەمنی لەوی پێکبهینرێن کە بەهاوبەشی لەنیوان لە رۆلەکانی ئەم ناوچەیە پێکهاتووە. بۆ نموونە ئەگەر باسی حەسەکەش بکرێت کە راستە هەوڵێکی کوردیی زۆر گەورەی لێیە بەڵام نادیدە ناگیرێت کە خەڵکی دیکەشی لێیە. واتا حەسەکە بە تەواوی شارێکی کوردی نییە، شارێکی فرەنەتەوەیە و عەرەبیشی لێیە و پێکهاتەکانی دیکەشی لێیە. رای دروست ئەوەیە کەوا ئەو هێزە ئاسایشانەی کە دەبێ لە دواجاردا پارێزگاریی ئەم ناوچانە بکەن، هێزێک بن لە رۆڵەکانی ئەم ناوچانە. گرنگ ئەوەیە لە دواجاردا بڵێم کە ئێستا ئەوەی هەموو لایەک بە پێویستی دەزانن و بە ئامانجی دەزانن، لایەنی ئەمریکیش پشتیوانیی لێ دەکات. دەمەوێ لێرەدا خاڵێکی دیکەش باس بکەم کە پەیوەندیی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لەگەڵ ئەورووپا و بەتایبەتیش لەگەڵ بەڕێز ماکرۆن؛ لە دواجاردا لە پەیوەندییەکی زۆر نزیکیشدا هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە هەمووان پشتگیریی ئەوە دەکەن، کە جارێ وەک هەنگاوی یەکەم ئەو ئاگربەستە درێژ بکرێتەوە.
 
رووداو: بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەست درا؟
 
دڵشاد شەهاب: خۆی ئێمە ئێستا چەند لایەنێکین، با بڵێین ئەمریکییەکان لایەنی سەرپەرشتیار و لایەنی بەهێزی گۆڕەپانەکەن. بە راستی بڵێم سەرچاوەی هێزی هەردوو لایەن ئەمریکایە. حکومەتی بەڕێز شەرعیش هەر بە پشتیوانیی ئەمریکا ئەم پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی وەرگرتووە، هێزەکانی سووریای دیموکراتیش هەر بە پشتیوانیی ئەمریکا، کە وەک سەرکردایەتیکردنی بەرەی دژی تیرۆر ئەمەی وەرگرتووە. بۆیە ئەمریکییەکان پشتیوانیی ئەم پرسەن. بەڵێ، لایەنی ئێمە، با بڵێین لایەنی بەڕێز مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد، پشتگیری ئەوە بوون کە ئامادەییان تێدایە بۆ ئەوەی ئەم ماوەیە درێژ بکرێتەوە، لە لای ئێمەش وەکو هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینرێ. بێگومان لایەنی دیکەش، کە حکومەتی سووریایە، بڕوامان وایە بەو هەموو داواکارییەی کە هەیە، رێگەی دیکەی لەوە گونجاوتر لەبەردەستی هیچ لایەکدا نییە، چونکە لە هەموو پەیوەندییەکانی بەڕێز شەرعدا، تەنانەت لە دوا پەیوەندی لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانیشدا، جەختی لەوە کردووەتەوە کەوا هیچ نیازێک نییە بۆ ئەوەی ئەم پرسە بە شەڕ یەکلا بکرێتەوە. بۆیە دەتوانم بڵێم بەڵێ، تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەری هەیە و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕیاریشی لێ بدرێت و ببێتە بڕیارێکی فەرمی.
 
رووداو: مەبەست لە دوورخستنەوەی هێزەکان چییە؟
 
دڵساد شەهاب: خۆی دەزانی ئێمە لەو وردەکارییانەدا لایەن نین، وەک دەڵێن لە ئەمری واقعدا، بەڵام لە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو لا کە باس دەکرێت، هێزەکان زۆر زۆر لە یەکدی نزیکن و هیچ مەودایەک لە نێوانیاندا نییە و رووبەرووبوونەوە رەنگە لە ساتێکدا زۆر شتی نەخوازراو بهێنێتە ئاراوە. بۆیە کاتێک ئاگربەست رادەگەیێنرێت، بێگومان دەبێ مەودایەکیش لە نێوان هێزەکاندا هەبێت، بۆ ئەوەی ئەم گرژییانە خاو بکەنەوە و هەمیشە بە تەقاندنی فیشەکێکەوە شەڕێکی گەورە دروست نەبێت. مەبەست زیاتر ئەوەیە و ئەمەش یەکێکە لە هەنگاوە گوەرەکان کە کاری لەسەر دەکرێت.
 
رووداو: باسی کۆبانی بە تایبەتی کرا کە گەمارۆ دراوە؟
 
دڵشاد شەهاب: بەڵێ باس کرا. بێگومان کۆبانی بەشێکی دابڕاو نابێت لە پرسەکە و جێگای بایەخی هەموو لایەکە. ئێمە جەختمان لە هەڵوێستی خۆمان کردووەتەوە کە بەم شێوازە هیچ پرسێک چارەسەر نابێت. ئەمە کێشەی نێوان دوو دەوڵەت نییە کە ئەگەر یەکێک بە سەرکەوتوو و یەکێک بە دۆڕاو لێی دەربچێت، ئەمە گەلێکە، چەندین گەلن، دەبێ ئەم پێکهاتانە پێکەوە بژین. دواخستنی چارەسەری بە شێوەیەکی ئاڵۆز لە ئەمڕۆوە بۆ بەیانی و بۆ داهاتوویەکی نادیار، چارەسەری هیچ ناکات. بۆیە هەموو لایەک تێدەگەن کە ئەمانە لێکەوتەکانی شەڕن. وەک ئەوەی دەزانن کەتێک جەنگ دروست دەبێت، جگە لە ماڵوێرانی و ئازار زیاتر هیچی دیکە بەدوای خۆیدا ناهێنێت. گرنگ ئەوەیە ئەوەی ئێستا هەیە، ئاراستەکە بەرەو ئاگربەست و لێکگەیشتنە.
 
رووداو: ئێستا رێککەوتنێک کراوە بۆ چۆنیێتیی بەڕێوەبەردنی ناوچە کوردییەکان؟
 
دڵشاد شەهاب: لە دەقی پڕۆژەی ئەو رێککەوتننامانەی کە لە نێوان هەردوو لادا واژۆ کراوە، هەندێکیشی رەنگە جناکۆکی لەسەر بووبێت، بەڵام هیچ ناکۆکییەک لەسەر ئەوە نەبووە کە دەبێ ئەم بەڕێوەبەرییانە رێکبخرێنەوە بە شێوەیەک کە لەنێو پێکهاتەی دەوڵەتدا جێگەیان بۆ بکرێتەوە. ئینجا ئەمە شێوەیەکی تایبەتە بە ناوخۆی خۆیانەوە، بەڵام لێکتێگەیشتن هەیە. واتا نە بەڕێوەبەریی خۆسەر و نە هێزەکانی سووریای دیموکرات ناڕەزاییان لەسەر ئەم پرسە نییە و بێگومان بەلای دەوڵەتی سووریاشەوە ئەوە مەبەستە کە ئەم بەڕێوەبەرییانە (ئیدارانە) لە چوارچێوەیەکی یاساییدا رێکبخرێنەوە، بەڵام رەچاوی زۆرینە یاخود رەچاوی ئەو ناوچانەی کە مەرج نییە تەنیا لە شارە گەورەکان بێت، بەڵکو لە شارۆچکەکانیش، ئەو شوێنانەی کە زۆرینەیان کوردن،، رەچاوی ئەو تایبەتمەندییانە بکرێت بە کۆمەڵێک بابەتی دیکەوە کە رەنگە زیاتر پرسی ناوخۆیی خۆیان بێت لە بابەتی زمان، خوێندن و هەندێک وردەکاریی دیکە کە نە کاری ئێمەیە و نە ئێمە دەستوەردانی تێدا دەکەین.
 
ئەوەی بەلای هەرێمی کوردستانەوە گرنگە، دوو بابەتی زۆر بنەڕەتین: یەکێکیان درێژکردنەوەی ئاگربەستە کە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر جەختی لەسەر کردووەتەوە. دەتوانم شتێکی دیکەش بڵێم، ئەویش ئەوەیە کە ئەو بڕیارەی دراوە بۆ گواستنەوەی ئەو گیراوانەی لەوێ لە زیندانەکانن بۆ عێراق، ئەمەش خاڵێکی گرنگە کە پێویستی بە کاتە. ئەمە لە دۆخێکی ئاڵۆز و شەڕدا جێبەجێ ناکرێت، بۆیە بۆ ئەم پرسەش پێویستیمان بە کاتە. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و لایەنە عێراقییەکانیش ئامادەکارییەکی تەواو بۆ ئەو پرسە بکەن و بە سەلامەتی بەڕێوەبچێت، پێویستیمان بە ئاگربەستە. بۆیە ئاگربەست ئێستا ئامانجی سەرەکییە، ئامانجی دووەمی ئێمە ئەوەیە پارێزگاریکردنە لە تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان و رێککەوتن لەسەر شێویەک کە بێگومان بە دیالۆگی بەردەوام لەسەر شێوەیەک کە دەوڵەت هەست بە پاراستنی یەکپارچەیی و سیستمی خۆی بکات و وڵات هەمووی لە سیستمێکدا بەڕێوەبچێت کە رێککەوتنی لەسەر کرابێت، هەروەها خەڵکی ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان هەست بەوە بکەن تایبەتمەندییەکانیان پارێزراوە و مافەکانیان پارێزراوە. ئەم دوو ئامانجە، ئامانجی سەرەکین.
 
 
رووداو: بۆ گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ عێراق پێویستیمان بە چییە؟
 
دڵشاد شەهاب: جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیە بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بەڕێوەبچێت، خۆتان دەزانن ئێستا ئاگربەست دەکرێت بۆ ماوەی دوو رۆژ و سێ رۆژ و چوار رۆژ؛ ئەگەر لە دۆخێکدا نەگەن بە ئەنجام، لەژێر گوشاری شەڕدا ئەم پڕۆسەیە زۆر زەحمەتە سەرکەوتوو بێت. واتا پێویستی بە کات، بە واتای دواخستن نییە، بەڵکو واتای ئەوەیە بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت، پێویستە کەشێکی بۆ بڕەخسێنرێت و کۆڵەکە یان هەنگاوە سەرەکییەکەشی ئەوەیە کە شەڕ نەمێنێت و ئاگربەست هەبێت. چونکە ئەمە پرسێکی تەنیا تایبەت نییە بە لایەنی عێراقی یان بە ئەمریکییەکان، بەڵکو پرسی رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەی داعش پرسێکی جیهانییە و هەموو جیهان بایەخ بەو بابەتە دەدەن و ئێمە لە هەموو کەس زیاتریش بایەخی پێدەدەین، چونکە بەلای ئێمەوە ئەم پرسە پرسێکی گرنگە.
 
لە هەموو ئەم گفتوگۆیانەی کە دەکرێن، ئێمە جەخت لەسەر یەک شت دەکەینەوە کە هەرچییەک دەکرێت لەم ناوچەیەدا، دەبێ هاوکار بێت بۆ بنبڕکردنی تیرۆر، نەک خوانەخواستە ببێتە رێگەیەک و دەرگەیەک [بۆ پەرەپێدانی تیرۆر]. هێشتا هیچ گومان لەوەدا نییە لەم ناوچەیەدا بیری تووندوتیژی و تیرۆر هەیە. ئەو گۆڕانکارییانەی لە سووریادا روویانداوە، ئەوەندە کاتی بەسەردا تێنەپەڕوە کە لە رووی هزر و دامەزراوەییەوە هەموو شتێک ئاسایی بووبێتەوە. ئەو گرژییانەی لەسەر سنوورەکان هەن، هەموو ئەمانە مەترسییەکن و بەتایبەتی مەترسیی هەرە گەورە هەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی گیراوانی داعشە کە لە زیندانەکاندان، بۆیە ئەمە لە گواستنەوەی هەموو شتێک مەترسیدارتر و کاریگەرترە. بۆیە بە جدی ئێمە پێمان وایە ئەمە پێویستی بە کاتە، دووپاتی دەکەمەوە کات نەوەک بە واتای دواخستن، بەڵکو بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت.
 
رووداو: دیارە ئاگربەستەکە تاوەکو کەی درێژ دەکرێتەوە؟
 
دڵشاد شەهاب: داواکاری هەیە و چاوەڕوان دەکرێ لە رۆژانی داهاتوودا، هەنگاوێکی ئەرێنی بەو ئاراستەیە بنرێت. 
 
رووداو: ئەمریکا پشتی لە کورد کردووە؟
 
دڵشاد شەهاب: دەبێ راستییەک وەک خۆی بخوێنینەوە؛ هەڕەشەی تیرۆر لە ئەمریکا نەبووە ئێمە چووبین هێزمان بردبێت و هاوکاریی ئەمریکامان کردبێت و ئێستا بڵێین وەفایان نەبوو، بەڵکو هەڕەشەی تیرۆر لەسەر ئێمە بووە. ئەمریکا هاتووەتە ناوچەکە بە هێزی خۆی، بە توانای مرۆیی خۆی، بە ئامێری سەربازیی خۆی، بە قوربانیدان لەپێناو پاراستنی ئەم ناوچەیە، چ لە عێراق و چ لە سووریا قوربانییان داوە؛ قوربانیی ماڵی و گیانییان داوە. واتا ئێمە دەبێ ئەم پرسە وەک خۆی بخوێنینەوە هەموو لایەکمان. نابێت هیچ کات ئەوەمان لەبیر بچێت ئەو هەڕەشەی کە داعش لە هەرێمی کوردستان، لە عێراق، لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا بە گشتی دروستی کردبوو، ئەگەر هێزە هاوپەیمانەکان و هەبوونی ئەمریکا و پشتیوانیی ئەمریکا نەبووایە، رەنگە زۆریک لەو رۆژانەی ئێستا دەیانبینین بوونیان نەبووایە. ئینجا ئێمە چۆن ئەمڕۆ هەموو ئەم شتانە لەبیر بکەین؟ ئەمە هیچ دۆستایەتییەکی دروست نییە بە بڕوای من. چاوەڕوانیی ئێمە لە دۆستانمان زیاتر گفتوگۆکردنە، بەڵام نەخێر ئەمریکا پشتی لە ئێمە نەکردووە. لە هەفتەیەکدا ئەمە دووەمجارە بەڕێز تۆم باراک دێتە هەرێمی کوردستان. 
 
پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی هەیە، لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە، دیدارەکانی لەگەڵ بەڕێز مەزڵووم عەبدی و برادەرانی دیکە لە هێزی سووریای دیموکرات هەیە. هەموو ئەمانە ئەگەر گرنگیدان نەبن بە پرسێک و بە چارەسەرییەکی وا کە گەلی کورد تێیدا نەبێتە قوربانی، ئەی واتای چییە؟ ئەو ئامانجەی هەیانە ئەوەیە کە نێوەندگیرییەکی دروست بکەن. بەڵام ئێمە دەبێ خوێندنەوەیەکی واقیعبینانەمان هەبێت بۆ ئەم دۆخەی ئێستای هێزی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەو دۆخەی کە شەڕی تیرۆر هەبوو لە ناوچەکە، ئێستا بە شێوەیەکی دیکە لەسەر پرسی هێز، من مەبەستم لەسەر پرسی کورد نییە، لەسەر پرسی هێز و هەبوونی هێز و شێوەی هەبوونی هێز، ئێستا شێوە مامەڵەیەک هەیە، چونکە دامەزراوەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموو شوێنێکدا وایە. ئێمەش لەکاتی شەڕدا لە دۆخێکدا بووین، دوای ئەوەی کە شەڕ کۆتاییهات کەوتینە دۆخێکی دیکەوە. نەخێر، بە هیچ شێوەیەک ئێمە هەستمان بەوە نەکردووە و هیچ پەیامێکی وا نە لە ئەمریکا هەبووە و نە هەستی پێدەکرێت لەوەی کە ئەوانە پشتیان لە کورد و دۆستەکانیان کردبێت و، بەردەوامیی ئەم هەوڵانەش بەڵگەیەکی سەلمێنەری ئەم راستییەیە. ئەنجامی گفتوگۆکانیش کە لەگەڵیاندا دەکرێت، نەوەک تەنیا ئەوان، بەڵکو دۆستانی ئێمە لە ئەورووپاش؛ لە ماوەی دوو یان سێ رۆژی رابردوودا،  لەم هەفتەیەدا بە وردتر بڵێم، دووجار جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی لەگەڵ بەڕێز ماکرۆن هەبووە. جیهان بایەخپێدەرە، ئەو سەردانەی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ ئیتاڵیا و ئەو دیدارانەی هەیبوون، هەموو بایەخەکان بۆ ئەوەن و چاوی جیهان لەسەر سەقامگیریی ئەم ناوچەیەیە. دووپاتی دەکەمەوە، رۆڵی هەرێمی کوردستانیش تێیدا هەر خۆی لە خۆیدا پەیامێکی گرنگە بۆ جیهان و بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە کە هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیرییە و سەرکردایەتیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵێکی ئەرێنی لە چارەسەرکردنی گرفتەکاندا ببینێت.
 
رووداو: هیچ نوێنەرێکی سەرۆککۆماری سووریا لەنێو کۆبوونەوەکاندا هەبووە؟
 
دڵشاد شەهاب: پەیوەندی هەیە، کەناڵی پەیوەندیش هەن و دیداری راستەوخۆش هەبوون. راستە ماوەیەکی بەسەردا چووە، بەڵام بەڵێ پەیوەندی هەیە و روانگەی هەرێمی کوردستان زۆر بە روونی بە سەرکردایەتی و دەسەڵاتدارانی سووریا دەگات و تێگەیشتنیش هەیە لەسەر هەندێک پرس، ئەگەرچی ئەو ئاڵۆزییانەی ئێستا هەن، هەستی خەڵکی خۆمان دەزانم رەنگە هەموو کەس ئێستا بڵێتم باشە ئەم هەموو کۆبوونەوەیە دەکرێن، بەڵام شەڕ هەیە. بەڵێ راستە بەڵام دەرفەتیش بۆ چارەسەر هەیە و ئومێدیشمان وایە و ئەگەر بە دێڕێکی کۆتایی بڵێم، کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ لە رۆژانی پێشتر زۆر باشتر بوون. 
 
رووداو: زۆر سوپاس
 
دڵشاد شەهاب: سوپاس بۆ ئێوەش